لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی کەمیی دەرمان هەیە
رووداو - هەولێر
هاونیشتمانییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەخنەیان لە نرخ و کوالێتیی دەرمانەکان هەیە و دەڵێن، دەرمانە بیانییەکانیش بە سەختی دەستدەکەون، پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی حکومەت کە دەڵێن کێشەی کەمیی دەرمان نییە، هاونیشتمانی و خاوەن دەرمانخانەکان دەڵێن، هەندێک دەرمان دەستناکەوێت.
کێشەی کەمیی دەرمان هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکو لە هەموو ئێرانە، دەرمانە بیانییەکان لە دەرمانخانەکاندا بە کەمی دەستدەکەون.
بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی دراو بۆ کڕینی دەرمان سنووردار بووە، وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، بەشی شەش مانگ ماددەی خاوی بەرهەمهێنانی دەرمانمان هەیە، وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش رایگەیاندووە "96%ی پێداویستیی دەرمان لە ناوخۆ بەرهەمدێت".
ئێران ماددەی خاوی بەرهەمهێنانی دەرمان هاوردە دەکات، حکومەتی ئێران رایگەیاندووە "تێچووی تاک لە کەرتی تەندروستی هەزار و 707 دۆلارە".
هاونیشتمانییان دەڵێن، نرخی دەرمان جێگیر نییە و لە دەرمانخانەکان جیاوازە و نرخی دەرمانی بەرهەمی ناوخۆی ئێرانیش زۆر گرانە.