داوادەکرێت لە کەرکووک لەجیاتی وانەی کوردی؛ ئایین و عەرەبی بۆ تاقیکردنەوە تەرک بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دوایین خشتەی تاقیکردنەوە بەراییەکان کە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بابەتی کوردیی لە تاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاکان، واتە سێی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی خوێندنی کوردی لابردووە؛ گەر ئەو هەوڵەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەربگرێت، زیان بە خوێندکارانی کورد دەگات.
مامۆستایان لە خوێندنی کوردی بڕوایان وایە ئەمە هەوڵێکی دیکەیە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی دژایەتیی خوێندنی کوردیی پێدەکرێت.
سروە عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری دواناوەندیی هۆزان دەڵێت "غەدرێکە و لە خوێندکارەکانمان دەکرێت، بمانەوێت و نەمانەوێت خوێندکارەکانمان دەتوانن لە کوردی نمرەی بەرز بێنن وەکو لە عەرەبی، عەرەبییەکە کێشەیە و خاڵی لاوازییەتی".
سەربەست عەبدلواحید، بەڕێوەبەری ئامادەیی کوردستان دەڵێت "زمانی دایک باشترین و ئاسانترین وانەیە، خوێندکارانمان نمرەی بەرزی تێدا دێنێت".
شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرسە سەردانی بەغدایان کرد، بەڵێنیان لە وەزیری پەروەردەی عێراق وەرگرتووە بابەتی کوردی بخرێتەوە خشتەی تاقیکردنەوەی پۆله کۆتاکان و لەبری ئەوە ئایین و عەرەبی تەرک دەکرێن.
بە لەبەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزیی دژی کۆرۆنا، بەراورد بە رابردوو، دەوام بە رێژەی 20% دەکرێت، کەچی بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق پرۆگرام بە رێژەی 70% تاقیکردنەوەی لێ دەکرێت، بۆ رێکخستنەوەی ئەو پرسەش لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق داوایان لە وەزارەت کردووە پێداچوونەوە بەو بڕیارەیدا بکات.
مەریوان نادر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لە وەزارەت ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێت بەپێی ئەو بەڵێنانەی بە ئێمەیان داوە، بابەتی کوردی دەگەڕێتەوە خشتەی تاقیکردنەوەکان، کێشەیەکی دیکەشمان هەبوو، گونجاندنی ماددەکان بەیەکەوە لەگەڵ تاقیکردنەوە و کورتکردنەوەی کە رەزامەندی بدەن، بەڵێنی هەموو ئەوانەیان پێداوین".
بە گوتەی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لەڕێگەی بڕیار و راسپاردە وزارییەکانەوە دژایەتیی ناڕاستەوخۆی خوێندنی کوردی دەکرێت.
هاوکات نایشارنەوە راستەوخۆ لە پەروەردەی کەرکووک جیاکاری بەرامبەر هەندێک لەو قوتابخانانە دەکرێن کە بوونەتە سیمبولی خوێندنی کوردی.