وردەکاریی کوژرانی دۆسکی ئازاد: سێ رۆژ دوای کوشتنی پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، گەنجێک کوژراوە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو گەنجە لەلایەن برایەکییەوە کوژراوە کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە رەگەزی خۆی گۆڕیوە.
 
دۆسکی ئازاد تەمەن 23 ساڵان لەلایەن برایەکی خۆیەوە کوژرا، باوک و براکانی دیکەی لەسەر ئەو بابەتە هیچ قسەیەکیان نەبووە. ئامۆزایەکی ئەو گەنجە کوژراوە قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئاگایان لەو رووداوە نەبووە. کاتێک زانییان کە هەواڵی کوژرانی بڵاوبووەتەوە.
 
عەبدولسەلام عەزیز، ئامۆزای دۆسکی ئازاد دەڵێت، "ئەم ئێوارەیە زانیمان کە دۆسکی بەدەستی برایەکی کوژراوە، لەڕێگەبووین بۆ گۆڕستان بۆ ناشتنی تەرمەکەی، دادوەر تەلەفۆنی بۆ کردین بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر تەرمەکەی بۆیە گەڕاینەوە."
 
پۆلیسی دهۆک بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کردووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان برایەکی دۆسکی لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و ئەو کوشتوویەتی. دوای سێ رۆژ لەو رووداوە تاوانبار برایەکی خۆی ئاگادار دەکاتەوە لە کوشتنی دۆسکی و شوێنی رووداوەکەشی بۆ ئاشکرا دەکات. دواتر پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان بۆ پزیشکی داد لە دهۆک گواستووەتەوە.
 
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە رووداوی گوت، "ماوەی چەند رۆژێکە ئەو گەنجە کوژراوە، برایەکی ئەو گەنجە کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و دۆسکی کوشتووە، ئەو هەواڵەکەی بە برایەکی دیکەی داوە. تاوانبار خۆی ونکردووە و پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و فەرمانی گرتن بۆ تاوانبار دەرچووە."
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، دۆسکی لە 28ـی کانوونی یەکەم کوژراوە و گولـلەیەکی لێدراوە. تەرمەکەی 30 کیلۆمەتر لە دووری دهۆک فڕێدراوە.