کەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی شەپۆلێکی باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێک دەڵێت، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت و لە هەولێر و دهۆک لاواز دەبێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "شەپۆلێکی بەفر و باران" هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکەی لە باشووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات تاوەکو ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر دەبێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی ئێوارە لە گەرمیان، بەشێکی پارێزگای کەرکووک تاوەکو باکووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین باران بەشێوەی نمەباران و تاوە بارانی مامناوەند دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلەکە ئێوارەی سبەی پێنجشەممە دەستپێدەکات و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کاریگەری زیاتر دەبێت و لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لاواز دەبێت و ئەگەری "کەمێک" نمەباران هەیە.
 
ئەو کەشناسە گوتی، شەوی هەینی ئەگەر بەفربارین لەنێو سەنتەری شاری سلێمانی هەیە و لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەش بەفر دەبارێت؛ گوتیشی، "ئەم شەپۆلە ئێوارەی هەینی کۆتایی دێت و رۆژی شەممە پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە".
 
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی پێنجشەممە پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ، بەڵام لە شەودا نزیکەی دوو بۆ چوار پلە نزم دەبێتەوە.
 
بەرزترین پلەکانی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 14 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 15 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 2 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 9 پلەی سیلیزی