عومرەکارە گیرخواردووەکان لە سعودیەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی بەرپرسێک لە حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تەواوی ئەو عومرەکارانەی لە سعودیە گیریان خواردبوو گەڕێندرانەوە.
بەهۆی خرانە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، گەشتی فڕۆکەکانی کۆمپانیای فلای بەغدا راگیرابوو و بەو هۆیەوە نزیکەی 500 هاونیشتمانی عومرەکار لە سعودیە گیریانخواردبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی ئەو عومرەکارانەی بەهۆی سزاکانی سەر فلای بەغداوە لە سعودیە مابوونەوە، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان".
عومرەکارەکان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەڕێندراونەتەوە و بڕیارە لەمەودوا گەشتەکانی عومرە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە لە رێگەی ئەو هێڵە فڕۆکەوانییەوە ئەنجام بدرێن.
کۆمپانیای فلای بەغدا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی عێراقییە و رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی چەک و چەکدار و بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و خرایە لیستی سزاکانەوە.
فلای بەغدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بە ملکەچبوون بە بڕیاری حکومەت و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکە بە تەواوی بە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانبەران و سەرۆکی جێبەجێکارەوە پابەندی ئەو بڕیارە دەبین کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە بۆ راگرتنی سەرجەم گەشتەکان لەم ساتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکار و بەڕێوەبەرێتی کۆمپانیاکە لەلایەن لێژنەی هاوبەشەوە تەواو دەبێت".
کۆمپانیاکە داوا لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکات ئەو بەڵگانە بخاتەڕوو کە دەیسەلمێنن چەکیان بە قاچاخ بۆ سووریا گواستوەتەوە؛ دەشڵێت، "پەنا دەبەینە بەر رێگەی یاسایی بۆ داواکردنی مافە مادی و مەعنەوییەکانمان، چونکە تەواو روونە بڕیارەکە بە زانیاریی شێوێندراو و ناڕاست بونیادنراوە."