16 رۆژ تێپەڕی و چارەنووسی خزمەتگوزارەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی یەکلایی نەبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
16 رۆژ بەسەر هێرشەکەی سەر ماڵی پێشڕەو دزەییدا تێپەڕی، کاتێک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج. یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو هێرشە ژنێک بوو بەناوی میشێل. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی چارەنووسی ئاشکرا نەکراوە.
23ـی ئەم مانگە دوای هەشت رۆژ لە هێرشەکە، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە نزیکەی 300 کارمەندەوە بەشدارییان لە گەڕان و پشکنین لە شوێنی رووداوەکە کردووە و کۆتاییان پێهێناوە. لە هەمان کۆنفرانسدا کۆچەر عەبدوڵڵا، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی چارەنووسی میشێل، دایەنی ژینە پێشڕەو دزەیی گوتی، "تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە."
ئەمڕۆ چوارشەممە موقەدەم کاروان میراودەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆتایی بە کارەکانی ئێمە هاتووە. ئەوەی هەیە سێ پارچە گۆشتمان رادەستی دادپزیشکی کردووە و لێکۆڵینەوە دەکرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ دادپزیشکی هەولێر وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەداوەتەوە. سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، بەرپرسانی فلیپین هاتوونەتە سەر هێڵ و پێدەچێت ئەوانیش بیانەوێت توێکاری بۆ پارچەکان بکەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، میشێل کچ و کوڕێکی هەیە و دەیانەوێت بە مەبەستی توێکاری تەرمی دایکیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەوەش "یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی توێکارییەکە".
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.