تەرمی ئەو گەنجە چەمچەماڵییەی لە رێگەی عومرەکردن گیانی لەدەستدا، بەخاکسپێردرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ رۆژ، تەرمی ئەو گەنجەی 27ـی کانوونی دووەمی 2025 لە رێگەی چوونی بۆ عومرە، لە سعودیە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەست دا، گەڕێندرایەوە قەزای چەمچەماڵ و بەخاکسپێردرا.
ئەمڕۆ هەینی، 31-01-2025، تەرمی جووتیار عەبدولمەجید عەبدولکەریم (مەلا وەیسی) گەڕێندرایەوە قەزای چەمچەماڵ و لە گۆڕستانی شارۆچکەی تەکیەی سەر بە قەزاکە بەخاکسپێردرا.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا گوتارێکی پیشکێشکرد و هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری گەنجەکە دەربڕی.
رەمک رەمەزان گوتی، ''مرۆڤ هەر دەمرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن دەمرێت و چۆن دۆست، هەڤاڵەکان و کەسوکاری شانازی پێوە دەکەن.''
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 27ـی کانوونی دووەم، پاسێکی عومرەکارانی کورد لە سنووری سعودیە - عێراق و لە کاتی چوونیدا، تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، بەهۆیەوە، "جووتیار مەلا وەیسی گیانی لەدەستدا و 13ی دیکەش بریندار بوون."
پاسەکە لەگەڵ بارهەڵگرێکدا پێکیاندادا. ئەوکات نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو سەرنشینی بارهەڵگرەکەش گیانیان لەدەستداوە".
برای ئەو گەنجەی لە رێگەی عومرەکردن لە سعودیە گیانی لەدەستدا: براکەم دوو منداڵی دووانەی لە دوای خۆی جێهێشتوون pic.twitter.com/q6edC8m7bN
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 31, 2025