لەدوای ئاگربەست ژیان لە حەسەکە ئاسایی دەبێتەوە و خەڵک بەکۆمەڵ دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
رووداو دیجیتاڵ
گەرموگوڕی بۆ بازاڕەکانی گەڕەکی موفتی لە شاری حەسەکە گەڕاوەتەوە؛ ئەو گەڕەکەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، دوای دوو هەفتە لە بێدەنگی و چۆڵبوونی شەقامەکانی، ئێستا جارێکی دیکە پڕ بووەتەوە لە دەنگی خەڵک.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، بەهۆی چڕبوونەوەی مەترسییەکانی شەڕ، سەدان خێزان کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، شارەکەیان بەجێهێشتبوو، بەڵام هەواڵی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا، بووە هۆی گەڕانەوەیەکی بەکۆمەڵ.
ژیما، ژنێکی نیشتەجێی گەڕەکەکەیە، بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دەستێکی بەرزەوە بەرەو ئاسمان، باس لەو شەوانە دەکات کە بە دڵەڕاوکێوە بەڕێیان کردووە.
ژیما زاڤێ، دانیشتووی حەسەکە، دەڵێت: "بەخوا بچووک و گەورەمان هەموو ئاگر دەکەینەوە و لە دەرەوەی ماڵەکانمان دەبین، شەوان پاسەوانی دەگرین. ئەگەر هێزم هەبووایە، منیش دەچوومە بەرگری، بەڵام تەنیا دوعایان بۆ دەکەم یاخوا خوا هێزتان پێبدات، هیوامان تەنیا بە خودایە."
لەو دیو هەڵوێستەکەی ژیماوە، عەبدولرەزاقی هاوژینی دەبینرێت. ئەو کە نیوەی جەستەی ئیفلیجە، بەو حاڵە جەستەییە سەختەوە ناچار بووە ئاوارە بێت، بەڵام ئێستا بە مۆڕاڵێکی بەرزەوە لەبەر دەرگای ماڵەکەی دانیشتووە و هەست بە ئارامی دەکات کە گەڕاوەتەوە نێو شارەکەی.
عەبدولڕەزاق زاڤێ، دەڵێت: "هەندێکمان ماڵەکانمان چۆڵکردبوو، بەڵام دوێنێ هەموومان بەسەربەرزانە گەڕاینەوە نێو شارەکەمان."
لە نێو بازاڕدا، سەڵاح خەلیل سەرقاڵی کڕینی پێداویستییە و لەگەڵ دراوسێکانی باس لە گرنگیی ئاشتی دەکات. ئەو پێیوایە تەنیا ئەوانەی سوود لە جەنگ دەبینن "دز و چەتەکانن".
سەڵاح خەلیل، دەڵێت: "هیوادارین بە رێککەوتنی سیاسی بگەنە چارەسەر و شەڕ درووستنەبێت. کەس حەز بە شەڕ ناکات، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی کەسدا نییە."
مەترسییەکانی شەڕ تەنیا کوردی شارەکەی نەگرتبووەوە، بەڵکو عەرەبەکانی حەسەکەش بە هەمان شێوە پەرێشان و نیگەران بوون. ئەوانیش چاویان لە رێککەوتنە تاوەکو کۆتایی بەو نادیارییە بهێنێت کە بەرۆکی گرتوون.
عەلی عەبدوڵا، هاووڵاتییەکی عەرەبی دانیشتووی حەسەکە، دەڵێت: "هیوادارین رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و ئەم دۆخە کۆتایی بێت، چونکە میللەت چیتر بەرگەی ئەم هەموو فشارە ناگرێت."
حامد حاجی، کە ئەویش هاووڵاتییەکی عەرەبی شارەکەیە، ئاماژە بەو تەمومژاوییە دەکات کە لە شارەکەدا هەیە و دەڵێت: "هەموو خەڵک دەترسن لە شتێکی نادیار، کەس نازانێت ئەگەر گۆڕانکارییەکە رووبدات دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت یان خراپتر، چونکە پێشتریش ئەزموونی تاڵمان هەبووە."
هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا رێککەوتنێکیان راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای چەند رۆژێکی سەخت لە پێکدادان و ئاڵۆزی دێت و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هیوایان وایە ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە سەختەی کە جارێکی دیکە ناوچەکەی گرتووەتەوە.