کریستییانەکانی قامشلۆ لە نێوان ترسی شەڕ و ئومێدی ئاشتیدا؛ "نزا بۆ هەموو پێکهاتەکان دەکەین"


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کریستییانەکانی شاری قامشلۆ جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە نێو دڵەڕاوکێی جەنگ. 
 
ئەوان پێکهاتەیەکی رەسەنی ناوچەکەن، ئێستا زیاتر لە جاران روو لە کەنیسەکان دەکەن و نزا بۆ ئاشتی و پاراستنی خاکەکەیان دەکەن لە هەر هێرش و مەترسییەک.
 
دکتۆر مالکی سۆمی، یەکێکە لە کریستییانە سریانییەکانی قامشلۆ، ئەو نموونەیەکە لەو ئازارەی شەڕ، بەسەر خەڵکی ناوچەکەی هێناوە. 
 
مالکی ماوەی 7 ساڵە بەهۆی بارودۆخی سووریاوە لە منداڵەکانی دابڕاوە، بەهۆیەوە لە وڵاتی سوید دەژین. ئەو ئێستا لە هەموو کات زیاتر دەترسێت شەڕی ئەمجارە ناچاری بکات زێدی باب و باپیرانی جێبهێڵێت.
 
دکتۆر مالکی سۆمی دەڵێت: "هەمیشە مەترسی لەسەر کریستییانەکان هەیە. ئێمە خەڵکێکین حەزمان بە شەڕ و کوشتن نییە، تەنیا ئاشتییمان دەوێت و دەمانەوێت لەگەڵ کورد و پێکهاتەکانی دیکە بە تەبایی بژین."
 
لەنێو یەکێک لە کەنیسە سریانییەکانی شارەکەدا، مەراسیمێکی تایبەت بۆ نزا و پاڕانەوە بەڕێوەچوو. ئامادەبووان بە کۆمەڵ نزایان بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکرد کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا زیانیان بەرکەوتووە.
 
خوری عەبدولمەسیح یوسف، قەشەی کەنیسەی سریانی، لەبارەی دۆخەکەوە دەڵێت: "شەڕ و کوشتن هەموو کەسێک نیگەران دەکات، نەک تەنیا کریستییانەکان. ئێمە ئەمڕۆ نوێژێکی تایبەتمان کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە هەموو جیهان و بەتایبەتی لە سووریا. نزا دەکەین خودا موسڵمان، کریستییان و هەموو پێکهاتەکان لە هەر هێرشێکی نامرۆڤانە بپارێزێت."
 
 
سەرەڕای مەترسییەکان، کەنیسەکانی قامشلۆ ئەرکێکی مرۆییان گرتووەتە ئەستۆ. بانگەوازیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ 10 هەزار خێزانی ئاوارەی نێو شارەکە کردووە. کریستییانەکان بە گەرموگوڕییەوە و بێ گوێدانە جیاوازیی ئایینی، بەدەم بانگەوازەکەوە چوون و هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە کەنیسەکان.
 
شمونی عەبدولئەحەد، ژنێکی کریستیانی نیشتەجێی قامشلۆیە، بە دڵپڕییەوە باس لە سەختیی ژیانیان دەکات و دەڵێت: "15 ساڵە بەرگە دەگرین و هیوامان هەبوو دۆخەکە باش ببێت، کەچی هەموو شتێک بە پێچەوانە دەرچوو. دۆخەکە کارەساتە و تەنیا گریانی دەوێت."
 
کریستییانەکان (سریان، ئەرمەن و ئاشووری) بە رەگ و ریشەی قامشلۆ  دادەنرێن. پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، ژمارەیان لەو شارە نزیکەی 40 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیرییەوە، ئێستا مەزەندە دەکرێت ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیبێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر دیمۆگرافیا و فرەڕەنگیی شارەکە.