ماوەی سێ رۆژە ناحیەی باوەنوور لە کەلار بێ ئاوە
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە ناحیەی باوەنوور لە سنووری کەلار بێ ئاوە، ئەوەش بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی باوەنوور.
رزگار مەحموود، سەوزە فرۆشە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سێ رۆژە ئاومان نەهاتووە، گیانم هەموو ئارەقە و سێ رۆژە خۆم نەشۆردووە، بەیانی زوو دەردەچم نیوەڕۆ دەگەڕێمەوە، دەمەوێت خۆم بشۆم کەچی ئاو نییە."
بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، لە رۆژی سێشەممەوە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی باوەنوور مانیان گرتووە و وەک گوشار شارۆچکەکەیان بێ ئاو کردووە.
هاونیشتمانییان لە مزگەوت و ئەو ماڵانەی بیری ئیرتوازییان هەیە یان لە کانیاوەکان ئاو دەهێنن، ئەگەریش دەستیان نەکەوت، ناچار تەنکەری ئاو بە 20 بۆ 25 هەزار دەکڕن.
لەتیف حەمە ساڵح، دانیشتوویەکی باوەنوورە و باس لەوە دەکات، "بەخوا بۆنی گیانمان دێت، سێ رۆژە خۆم نەشۆردووە، ئەمڕۆ چووم لەو چەمە دەستنوێژم گرتووە و نوێژەکەم کردووە."
حەسیبە حوسێن، دانیشوویەکی دیکەی ناحیەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "جاران رۆژێک ئاو نەهاتبا تەلەفونم بۆ میراوەکە دەکرد، ئێستا سێ رۆژە ئاو نییە، دەبێت حاڵمان چۆن بێت، مەگەر ئاو بکڕین."
حەبسە فەرەجیش کە خەڵکی سنوورەکەیە گوتی، "قاپ و قاچاخەکانم هەموو لەسەر مەخسەلەکە کەوتووە، ئاو نییە بیانشۆم، نازانم میوانێکم بێت چیبکەم! بەخوا توانای کڕینی ئاوم نییە."
عەدنان عەلی، بەڕێوبەری شارۆچکەی باوەنوور بە رووداوی گوت، "ئێمە ئەوەشمان گوتووە ئەگەر هاتوو مووچەکەیان زیاتر دواکەوت، بە هاوکاریی فەرمانگەی ئاوی پێباز مووچەی میراوەکان دابینبکەین بۆ ئەوەی خەڵکی بێ ئاو نەبێت."
شارۆچکەی باوەنوور سەر بە قەزای کەلارە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 12 هەزار کەسە. سەرچاوەی ئاوەکەی رووباری سیروانە.