هەناردەی نەوتی کەرکووک راگیراوە و ئیدارەی پارێزگاکە دەڵێ "کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەبێت"
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوتی کەرکووکیش بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە کە رۆژانە لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک هەناردە دەکرا، ئەمەش زیانی زۆری بۆ پارێزگاکە دەبێت.
لە رۆژی شەممە 25ـی 3ـی 2023ـوە، هەناردەکردنی رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزار بەرمیلی نەوتی کەرکووک راگیراوە.
ئیدارەی کەرکووک کە پشکی پێنج دۆلاری لە هەناردەکردنی هەر بەرمیلە نەوتێکدا هەبوو، پەی بە مەترسیی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بردووە و دەڵێت "کێشەی گەورە بۆ پارێزگاکە دروست دەبێت".
عەلی حومادی یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کەرکووک هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر کەرتی نەوت و وەزارەتی نەوتەوە نییە. (وەزارەتی نەوت) لەو وەزارەتانە نییە، کە دەسەڵاتەکانیان شۆڕکردووەتەوە و لەئەنجامدا دەستووەردانی ئیدارەی کەرکووک لەسەر چاوێریکردن و سەرپەرشتیکردنی کەرتی نەوت زۆر لاوازە، تەنانەت هەندێک جار ئاگاداری ئاستی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیش نین، بۆیە داوای چارەسەر لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین بە شێوەیەک کە مافی هاونیشتمانییانی کەرکووک بپارێزێت".
ئێستا، بەغدا تەواوی دەسەڵاتەکانی، بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکدا سەپاندووە و هەناردەکردنی نەوتی بە بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگرتووە، ئەمەش مەترسیی لەسەر بوجەی گشتی عێراقیش دەبێت.
نەهرۆ ڕەواندزی، جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت (راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکە) "رۆژانە 37 ملیۆن دۆلار زیانی هەیە و مانگانە دەگاتە ملیارێک و 100 ملیۆن دۆلار بەر لە راگری نەوت، بۆیە ئەگەر کورتهێنانی بوجەی گشتی عێراق لەم ساڵدا 64 بۆ 65 تریلۆن دینار بێت و، (ئەم هەنگاوە بەردەوام بێت) کورتهێنانی بودجە دەگاتە 80 تریلۆن دینار".
رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک نزیکەی 375 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت و، ئێستا کۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتی دەکات.