لە شرنەخ گرژی لەنێوان لایەنگرانی دەمپارتی و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو
رووداو دیجیتاڵ
لە شرنەخی باکووری کوردستان گرژی لەنێوان دەنگدەرانی دەمپارتی و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، بەربژێرانی دەمپارتی دەڵێن، زیاتر لە شەش هەزار دەنگدەر لە دەرەوەی شارەکە هێنراون بۆ ئەوەی دەنگ بە بەربژێرانی ئاکپارتی بدەن.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 31-03-2024) پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت. کاژێر 12:00، لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شرنەخی باکووری کوردستان گرژی دروست بوو، بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە "ژمارەیەکی زۆر دەنگدەری لایەنگری ئاکپارتی لە دەرەوەی شرنەخەوە هێنراون و دەیانەوێت دەنگی خۆیان لە بنکەکانی دەنگدانی شارەکە بدەن."
یەکێک لە بەربژێرانی شارەوانیی دەم پارتی لە شرنەخ، لەبارەی هۆکاری گرژییەکەوە بە ناسر عەلی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''شەش هەزار دەنگدەر لە دەرەوەی شرنەخەوە هێنراونەتە نێو شار کە هەموویان هێزی سەربازی و پۆلیسن، خەڵکی شرنەخیش ئەم کارە بۆ سەر ئیرادەی خۆیان قبووڵ ناکەن و هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن.''
ئەو بەربژێرە باسی لەوە کرد، ''پەرلەمانتارانی ئێمە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، هەموو دەنگدەران لە شارە تورکییەکانەوە هاتوون، ئێمە چەندین جار ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە، بەڵام سەیر بکەن، هیچ کەسێکی سڤیل لە بنکەکە نابینین، هەمووی پۆلیس و هێزی سەربازین.''
بەبژێرێکی دیکەی دەم پارتی بۆ شارەوانییەکانی شرنەخ بە رووداوی گوت، ''ئەمە دزیکردنە کە روودەدات، خەڵک هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر ئەم دزییە نیشان دەدات.''
گرژییەکە کاریگەریی لەسەر دەنگدانەکە نەبووە و پرۆسەکە بەردەوامە.
بەپێی یاسا و دەستووری وڵاتی تورکیا، ئاساییە کە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس لە هەر شارێک کە دەوام دەکەن، دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا بدەن، بەڵام وەک لایەنگرانی دەم پارتی لە شرنەخ دەڵێن، ''لە هەندێک بنکە لە جێگەی 10 پۆلیسی ناوچەکە، زیاتر لە 100 پۆلیس و هێزی سەربازی دەنگیان داوە، ئەمەش ئاسایی نییە.''
محەممەد زەکی، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی گرژییەکەوە بە رووداوی گوت، ئێمە سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنمان بینی، بەڵام ناڕەزایەتیی ئێمە رەتدەکەنەوە، هەموو کەسێکیش دەزانێت ئەم دەنگدەرانە لە دەرەوەی شرنەخەوە هاتوون و لە هەڵبژاردنی 14ـی گوڵاندا لە شوێنێکی دیکە دەنگیان داوە، بەڵام ئەمڕۆ هەشت هەزار کەس هاتوون و لێرە دەنگ دەدەن."
محەممەد زەکی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هێنانی ئەم دەنگدەرانە بۆ شرنەخ کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت، "بەڵام خەڵکی ئێمە ئیرادەی خۆی لەدەست نادات و دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان تۆمار دەکەن، وەڵامی هەرە گەورە؛ ئەوە دەبێت.''
پێش ئەو رووداوانە محەممەد یارکا، بەربژێری ئاکپارتی لە شرناخ قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''بە ویستی خودا ئێمە سەردەکەوین، چونکە خەڵکی شرنەخ خزمەتگوزارییان دەوێت، ئێمەش خۆشی و برایەتیمان دەوێت.''
محەممەد یارکا باس لەوەش دەکات دوای بەدەستهێنانەوەی گەورەشارەوانیی شرنەخ، چەند پڕۆژەیەکیان هەیە کە دەیخەنەڕوو، لەوانەش، پڕۆژەی رێگەی وان، ئاوی شرنەخ، دروستکردنی نەخۆشخانە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان.
ئاکپارتی لە شرنەخ 15 شارەوانی بەدەستەوەیە، ئەو بەربژێرە دەڵێت، چاوەڕوان دەکەن ئەم جارە 16 یان 17 شارەوانی بەدەستبهێنن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.