کۆمیسیۆن بۆ رووداو: تاوەکو 12ـی شەو لیستی بەربژێرەکان وەردەگرین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو لە وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکو کاژێر 12 ئەمشەو لە وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان و سەربەخۆکان بەردەوام دەبن."
بەگوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ئەمە دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان."
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 31ـی ئادار درێژبکرێتەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەو کات لەبارەی بڕیارەکە بە رووداوی گوت "درێژکردنەوەکە بۆ ئەوەیە رێگە بدرێت زۆرترین لایەن و کەس بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، چونکە کۆمیسیۆن رژدە لەسەر پاراستنی مافی هەمووان وەکو یەک".
10ـی حوزەیرانى داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و یەکەمجارە هەڵبژاردنەکە بێ تەرخانکردنی کورسیی کۆتا بۆ پێکھاتەکان دەکرێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوباتدا دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.