قایمقامی سەڵماس: هێرش کرایە سەر وێستگەیەکی لێکۆڵینەوەی مانگی دەستکرد

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی سەڵماس لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، وێستگەیەکی لێکۆڵینەوەی مانگی دەستکرد لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و بەشێکی وێستگەکە تێکشکاوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، عەلی عەلایی رایگەیاند: "لە چەند کاژێری رابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیلی دووژمن، هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەیەکی لێکۆڵینەوەی مانگی دەستکرد لە شاری سەڵماس، کە بەم دواییانە بۆ کۆنترۆڵکردن و وەرگرتنی داتاکانی مانگی دەستکرد خرابووە گەڕ."
 
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، قایمقامی سەڵماس ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هاژەک، بەشێک لە باڵەخانە و پێکهاتەی وێستگەکە تێکشکاوە.
 
قایمقامی سەڵماس دڵنیایی دا کە "خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
 
شاری سەڵماس کە سەر بە پارێزگای ورمێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لەو ناوچانەی کە وێستگەی وەرگرتنی زانیارییە ئاسمانییەکانی تێدا جێگیر کراوە.