بەرپرسانی دابەشکردنی خۆراک: بەشەخۆراکی مانگانە ئامادەیە و دابەشدەکرێ

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی سلێمانی دەڵێ، فەرمانی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەیان پێگەیشتووە و سەرقاڵی رێکارەکانن. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، خۆراک ئامادەیە و چاوەڕوانی بریکارەکانن پارە بدەن و خۆراکیان بۆ بنێرن.
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پێنجشەممە بریکارەکانی خۆراک دەتوانن پارە لە رێگەی ڤیزا کارتەوە بدەن بۆ ئەوەی خۆراکیان بۆ بنێردرێت".
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "خۆراک ئامادەیە، ئەوەی گرنگە لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیاندا بریکارەکان خەمساردی نەکەن و زوو پارە بدەن، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو خۆراکیان پێ بدرێت".
 
دلێر عەبدولواحید گوتی: "جگە لە رۆنی شل کەمێک کەمە، هەموو خۆراکەکانی دیکە ئامادەن و پێدەچێ دوای رێکارە کارگێڕییەکان، سێشەممە یان چوارشەممەی داهاتوودا ئامادەببێ بۆ دابەشکردن".
 
لە بەشەخۆراکی مانگانەدا یەک لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک دابەش دەکرێ.
 
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خۆراک ئامادەیە و فەرمانی دابەشکردنی بەشەخۆراکی دووەمی ئەم ساڵمان بۆ هاتووە و سەرقاڵی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانین".
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی، "دوای رێکارەکان هەوڵ دەدەین هەفتەی داهاتوو دابەشکردن دەستپێبکەین".
 
ساڵانە کەمتر لە ژمارەی مانگەکان بەشەخۆراک دابەش دەکرێ، لە 12 مانگی ساڵی رابردوو هەشت بەشەخۆراک دابەشکرا، ساڵی 2024 دابەشکردنی بەشەخۆراک 10 بەش بوو.
 
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.