بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا: ئەوانەی بە ئەلیکترۆنی پارە دەدەن، لە 24 کاژێردا کارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، دوای ئەوەی کارەبای پڕۆژەی رووناکییان بەهۆی نەدانی پارەوە بڕاوە، پارەی کارەبایان داوە و هێشتا کارەبایان بۆ نەگەڕاوەتەوە. بەرپرسێکی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، دوای 24 کاژێر کارەباکەیان دەگەڕێتەوە.
یەکێک لە هاونیشتمانییەکان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سێ رۆژە لە رێگەی کارتی بانکییەوە پارەی کارەبای داوە، بەڵام هێشتا کارەباکەی نەگەڕاوەتەوە.
بەرپرسێکی ئاگادار لە پڕۆژەی رووناکی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی کارەباکەیان دەبڕدرێ و پاشان پارەی کارەبا دەدەن، لە یەک بۆ 24 کاژێر دوای پارەدانەکە کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە."
لەبارەی ئەو هاونیشتمانیشەوە سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئەوانەی دوای چەند رۆژێک پارەی کارەبایان داوە و کارەبایان نەگەڕاوەتەوە رووداوی دەگمەنن، دەبێت پەیوەندی بکەن بە سەنتەری پەیوەندی بە ژمارە 1992."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئاگادارە، سیستمی پارەدانی کارەبا لە رێگەی کارتی بانکییەوە بۆ ئەوانەی پێش کارەبابڕان پارەکە دەدەن، بە جۆرێکە راستەوخۆ پارەدانەکە دەچێتە وەزارەتی کارەبا و کارەباکەیان نابڕدرێت.
رۆژی دووشەممە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستکراوە بە دابەشکردنی پسووڵەی کاخەزیی پارەی کارەبای مانگانە بەسەر هاوبەشاندا.
پڕۆژەی رووناکی ئەرکی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە و تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان چووەتە واری جێبەجێکردنەوەوە.