رووماڵی رووداو یەکەمە و ئەم مانگە نزیکەی 4 ملیار بینەری هەبووە


رووداو دیجیتاڵ 

رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا 3.72 ملیار بینەری تێپەڕاندووە و ریکۆردێکی نوێی لەسەر ئاستی میدیای کوردستان، عێراق و ناوچەکە تۆمارکردووە. 
 
لەگەڵ تەقاندنی یەکەم مووشەکی جەنگەکە و بەرزبوونەوەی دەنگی لە تاران لە بەرەبەیانی 28ـی شوبات، تۆڕی میدیایی رووداو بە خێراییەکی بێوێنە هەواڵ، ڤیدیۆ و زانیارییەکانی جەنگەکەی بە زمانی کوردی هەردوو شێوەزار و سێ زمانی دیکە بۆ بەکارهێنەرانی گواستووەتەوە.
 
رووداو بۆ یەکەم جار بە سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد و تیمی پرۆفێشناڵ بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەکاتی رووماڵەکاندا، بە خێراییەکی زۆر زیاتر زانیارییەکانی بڵاودەکاتەوە. ئەمەش وایلێکردووە زانیاری و ڤیدیۆ پشتڕاستەکانی، رۆژانە ببێتە سەرچاوەیەکی دیار لە میدیا جیهانییەکان و ئەوانەی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بە وردی و چڕی رووماڵی جەنگەکە دەکەن. 
 
رووداو نووسینگەی سەرەکی لە هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوە نەبووەتە بەربەست، بەهۆی لێهاتووی و شارەزایی تیمەکانی لە رووماڵ و رەچاوکردنی رووماڵی پرۆفێشناڵانە، بەشێکی زۆری ئەو بینەرانە ئەو کەسانەن کە فۆڵەوی رووداویان نەکردووە و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا پێشنیازی بۆ کردوون بابەتە رۆژنامەوانییەکان ببینن. 
 
جگە لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵمیدیا، ماڵپەڕی رووداو بووەتە شوێنی وەرگرتنی زانیاری بۆ خوێنەرانی و ئەم مانگە نزیکەی 60 ملیۆن سەردانی هەبووە لەنێو ماڵپەڕەکەدا. 
 
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لەبارەی رووماڵەکە و بەدەستهێنانی ئەو ژمارانە رایگەیاند، "جەنگ بە خێرایی لە ناوچەکە تەشەنەی سەند، لە ئەم ساڵانەی رابردووشدا بینەران و وەرگرانی رووداومان لەسەر ئەوە راهێناوە هەردەم بە خێرایی و بە دروستی زانیارییەکان وەربگرن، بۆیە ئەم ژمارانە بەرهەمی ئەو کارە ورد و بە سەلیقانەن تیمەکانی رووداو لە هەموو پلاتفۆڕمەکان بە وریاییەوە شەو و رۆژیان بۆ تەرخان کردووە."
 
رووداو دەیتوانی زۆر بە ئاسانتر لەو ژمارانەش زیاتر بینەری هەبێت، بەڵام وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و لە چوارچێوەی رووماڵی پرۆفێشناڵانە، رووداو پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەژێر ئەو رێنوێنییانەدا رووماڵی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. 
 
رووداو دیجیتاڵ لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵمیدیا کە لە ناوچەکە و جیهان بەکارهێنەری بەرچاویان هەیە، چالاکە. هەروەها لە تێلێگرام، وەتسئەپ، ڤایبەر و مێسنجەر چانێڵی تایبەتی هەیە و خەڵک لەو رێگانەوە زانیاری وەردەگرن.