گەشتوگوزار رێنمایی نوێ دەداتە گەشتیاران: قەرەباڵخی دروست مەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سبەی کەشوهەوایەکی بەهاری روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداریی دەدەنە هاووڵاتییان کە لە کاتی گەشتەکانیاندا لە ناوچە شاخاوییەکان دوور بکەونەوە، قەرەباڵخی دروست نەکەن و شەو لە دەرەوە نەمێنەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت و کەشێکی بەهاری دەبێت، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەباران هەیە. هاوکات هەر سبەی پشووی فەرمییە. ئەم کەشە هاندەرە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان روو لە سەیرانگەکان بکەن.
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بن بۆ پاراستنی سەلامەتییان؛ بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە پێویستە قەرەباڵخی دروست نەکرێت و کۆبوونەوەی گەورە نەکرێت تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
هەمان هۆشداری لە پارێزگای دهۆکیشەوە دەدرێت؛ شەماڵ هرووری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت: "بۆ ئەوەی گیانی گەشتیاران سەلامەت بێت، داوا دەکەین رێنماییەکان جێبەجێ بکەن و رێگە نەدەن کۆبوونەوەی جەماوەریی گەورە لە شوێنە گەشتیارییەکان دروست ببێت."
لە سلێمانی، رێنماییەکان وردترن و هۆشداری لە چوونی خەڵک بۆ هەندێک ناوچەی دیاریکراو دەدرێت. کیژان عەبدوڵڵا، لێپرسراوی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هاونیشتمانییان نابێت شەو لە ناوچە شاخاوییەکان بمێننەوە و پێویستە لە سەنتەری شارەکانەوە دوور نەکەونەوە. داوا دەکەین بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە نزیک نەبنەوە کە ئەگەری بە ئامانجگرتنیان هەیە، بەتایبەتی ناوچەکانی زرگوێز، قەرەداخ و راپەڕین."
لە پارێزگای هەڵەبجەش کە زیاتر لە 100 شوێنی گەشتیاریی تێدایە، هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری پارێزگاکە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات "جگە لە خۆپارێزیی ئەمنی، لە سەرچاوە ئاوییەکان دوور بکەونەوە کە بەهۆی بارانەوە بووژاونەتەوە و لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن."
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ناوچەکەوە تاوەکو ئێستا، 521 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون.