نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی یادی دامەزراندن لە هەردوو حیزبی شیوعیی عێراق و کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی یادی دامەزراندن لە هەردوو حیزبی شیوعیی عێراق و کوردستان دەکات و دەڵێت، "بە رێز و پێزانینەوە لە مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی هەردوو حزب و رۆڵی دیاری نیشتمانییان لە بزووتنەوەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا دەڕوانین."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە، لەم قۆناخەدا پتەوکردنی تەبایی و کاری پێکەوەیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، فاکتەرێکی سەرەکیی پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشترە بۆ وڵات.
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ 31ی ئازار، لە یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیووعیی عێراق و کوردستان دا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی، ئەندامان و لایەنگرانی هەردوو حزب لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
 
لەم یادەدا، بە رێز و پێزانینەوە لە مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی هەردوو حزب و رۆڵی دیاری نیشتمانییان لە بزووتنەوەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا دەڕوانین. هەروەها یادی هەموو ئەو تێکۆشەرە دێرینانە دەکەینەوە کە ژیانی خۆیان لەپێناو ئازادی و خزمەتکردنی گەل و نیشتماندا بەسەر بردووە.
 
دووپاتی دەکەینەوە کە لەم قۆناغەدا، پته‌وکردنی تەبایی و کاری پێکەوەیی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان، فاکتەرێکی سەرەکیی پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشترە بۆ وڵاتەکەمان. 
 
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حزبی شیووعی و تەواوی شەهیدانی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/31