ئەمڕۆ بە 7 مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر سلێمانی و هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر. بەرەبەیانی ئەمڕۆش بە پێنج درۆن و مووشەک هێرش کرایە سەر سلێمانی.
کەمێک لەمەوبەر و نزیک کاژێر 10:23ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگێکی بەرز لە هەولێر بیسترا. بەرپرسێکی ئەمنی بە رووداوی گوت، "هێرشەکە درۆنی بووە. جارێ نازانرێت زیانی هەبووە یان نا."
هەر ئەمڕۆ سێشەممە نزیک کاژێر 09:30ی بەیانی، درۆنێک لە ئاسمانی سنووری هەولێر تەقییەوە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاشکرا نەکراوە کە خۆی تەقیوەتەوە یان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە تەقێندراوەتەوە.
لایەنی ئەمنی هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دوو هێرشەکەی هەولێرەوە بڵاو نەکردووەتەوە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە سلێمانی بیستران. بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، هێرشەکان لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە کراون.
بەگوێرەی ئاسایشی سلێمانی، هێرشەکان بە سێ درۆن و دوو مووشەک بوون و زۆرینەیان بۆ سەر فەرماندەیی پێشمەرگە بوون کە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەی تێدان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژانەی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی هێرشەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بە زیاتر لە 500 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.