قایمقامی خەبات: دۆخی کەورگۆسک ئاسایی بووەتەوە و 6 کوژراو هەن
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە ناحیەی کەورگۆسک لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، شەڕێک روویدا و 6 کەس کوژران. قایمقامی خەبات دەڵێ، دۆخەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە.
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی دوایین ئامار، لە شەڕەکەی کەورگۆسکدا 6 کەس کوژران و سێ کەسی دیکە بریندارن."
قایمقامی خەبات گوتی، "هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان لە کەروگۆسک کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا دۆخەکە تەواو ئارامە."
شەڕەکە کاژێر 10:50ی شەوی دووشەممە 30ی ئادار روویدا. پۆلیسی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا لە بارەی هۆکاری شەڕەکەوە رایگەیاند، "لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆن" روویداوە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر، شەڕەکە لەنێوان یەک بنەماڵەدا بووە و ئەوانەی شەڕیان کردووە خاڵۆ و خوشکەزای یەکدی بوون و کوژراوەکانیش لە هەردوو بەرەی شەڕەکە بوون.