هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان 520 درۆن و مووشەکیان تێپەڕاند؛ 400یان بۆسەر هەولێر بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان بە 521 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو کاژێر15:00ـی 31ـی ئادار، هێرشەکان بۆسەر شاری هەولێر گەیشتوونەتە 400 درۆن و مووشەک. هێرشەکانی سەر سلێمانی 100 درۆن و مووشەکی تێپەڕاندووە. هەروەها بە 18 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر دهۆک و لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەر هەڵەبجە بەکارهێندران.
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان کراون:
- سەرچاوەیەکی باڵا ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی راگەیاند، لە بەیانی سێشەممە تاوەکو نیوەڕۆ، بە شەش درۆن هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و هەموویان لە ئاسمان تێکشکێندراون.
- هەر ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر دەرەوەی هەولێر. یەکێکیان نزیک کاژێر 11:30ـی ئەمڕۆ لە دۆڵی بالیسان تەقییەوە، دیار نییە تەقێندراوەتەوە یان خۆی کەوتووەتەخوارەوە.
- هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ سێشەممە بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر دهۆک. دیارنییە زیانیان هەبووە یان نا.
- نزیک کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند دەنگێکی بەهێز لە سلێمانی بیستران. بەگوێرەی ئاسایشی سلێمانی بۆ رووداو، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک کراون.
عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، هێرشەکان بە دوو درۆن و دوو مووشەک کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکان کراونەتە سەر فەرماندەیی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە.
- هەروەها شەوی رابردوو هێرشێکی دیکەی درۆنی کرایە سەر سلێمانی و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە کراوەتە سەر گردی ریعایە لە شارەکە کە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ بوو و پێشتریش چەند جارێک هێرش کراوەتە سەری، بەگوێرەی ئاسایش، "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
- شەوی دووشەممە کاژێر 21:48ی شەو بە درۆنێک هێرش کرایە سەر هەولێر. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، درۆنەکە لە ئاسمانی گەڕەکێکی هەولێر تەقێندراوەتەوە.
- هەر شەوی دووشەممە، هێرشی دووەمی درۆنی لە کاژێر 10:05ی شەو کرایەوە سەر هەولێر.
- شەوی رابردوو دەنگۆی هێرش بۆ سنووری هەڵەبجە بڵاوبووەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "هیچ هێرشێک نەبووە و لە هیچ ناوچەیەکەوە پەیاممان بۆ نەنێردراوە کە هێرش کرابێ".
کۆی ئامارەکان
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ی شوباتەوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ 31ـی ئادار، بە 523 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لەو ماوەیەدا 400 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون؛ 101 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون؛ 18 درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 88 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 15 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.