مام جەلال وێری نەخۆشان دەكات

رووداو- سلێمانی

مام جەلال، سەرۆك كۆماری عێراق، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە، بڕی تێچووی هەر نەخۆشێك لە سلێمانی و گەرمیان، كە سبەینێ سەردانی كلینیكە راوێژكارییەكان دەكەن، دەگرێتە ئەستۆ.

سایتی فەرمی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە "لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستاندا، هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچەی گەرمیان، لەسەر ئەركی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندورستییەكانیان پێشكەشدەكرێت".

د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی, بە (PUKmedia)ی راگەیاندووە: "لە یادی 38 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا، لەسەر ئەركی هەڤاڵ مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، سبەینێ 1-6 لە كلینیكە راوێژكارییەكانی ناو شاری سلێمانی، نەخۆشخانەی فریاكەوتن، تاقیگەی ناوەندی، بەشی هاوسەرگیری، كلینیكی راوێژكاری قەڵادزێ، كلینكی راوێژكاری شارەزوور، كلینكی راوێژكاری گەرمیان، سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێن".