پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە بانگهێشتنامەیەکدا داوا لە پەرلەمانتاران دەکات، رۆژی پێنجشەممە 2ی حوزەیرانی 2022، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت، "لەبارەی راپۆرتێکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر، بڕیارە وەزیری تەندروستییش ئامادەی دانیشتنەکە بێت."
رۆژی سێشەممە 31ی ئایاری 2022 رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بانگهێشتنامەیەکدا، کە ئاراستەی ئەندامانی پەرلەمانی کردووە، رایگەیاندووە، بە پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، "بڕیارماندا بانگهێشتی هەموو ئەندامانی پەرلەمان بکەین بۆ دانیشتنی ژمارە (3)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق."
بەگوێرەی بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بێت، کۆبوونەوەکەی پەرلەمان رۆژی پێنجشەممە 31ی ئایار 2022 کاژێر 12:00 نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی کارنامەی کاری کۆبوونەوەکە، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی چەند بابەتێک و دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک دەدرێت. بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی دانیشتنی پەرلەمان بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی کوردستاندا گفتوگۆ بکرێت لەبارەی راپۆرتی (لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر) سەبارەت بە دەرمانی بێ کوالێتی و ماوە بەسەرچوو و قاچاخ و نرخی نەخۆشخانە تایبەتەکان، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و بەپێی حوکمی بڕگەی یەکەمی ماددەی 66 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان."
هەر ئەمڕۆ گەلاویژ عوبێد عوسمان، ئەندامی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر بە رووداوی راگەیاند، "ئەندامانی پەرلەمان لەبارەی نرخی نەخۆشخانە تایبەتەکان و دەرمانی بێ کوالێتی داوای راپۆرتیان لە لیژنەکەمان کردووە و ئێمەش راپۆرتەکەمان رۆژی پێنجشەممە ئامادە دەبێت و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین."
بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی کارنامەی کاری کۆبوونەوەکە، رۆژی پێنجشەممە، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بەپێی حوکمی ماددەکانی 90 ،91 ،93 و 96 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت. هەر لە دانیشتنەکەدا بەپێی بڕگەی دووەم، بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک بکرێت، لەوانەش:
یەکەم: پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان - عێراق
دووەم: پڕۆژەیاسای ئەرک و مافەکانی هێزەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان - عێراق
سێیەم: پڕۆژەیاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان - عێراق
بەگوێرەی بڕگەی چوارەمیش خوێندنەوە بۆ دوو پێشنیازەیاسا دەکرێت، کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: پێشنیازەیاسای بەرکارکردن و هەمواری یاسای گرتنی مایەی قاچاخ و قەدەخەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازاڕە نێوخۆییەکان، ژمارە 18ی ساڵی 2008ی هەموارکراو.
دووەم: پێشنیازەیاسای هەمواری جێبەجێکردنی یاسای چاودێریی نەوجەوانانی ژمارە 76ی ساڵی 1983.
زیاتر لە دوو مانگە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە کۆنەبووەتەوە، خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانیش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە، کە بەشێکی لایەنەکان داوا دەکەن بە فرە بازنەیی بەڕێوەبچێت و بەشێکی دیکەش داوای یەک بازنەیی دەکەن.