جگەرەکێشان لەنێو منداڵانی خوار 16 ساڵان لە زیادبووندایە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لەوانەی ئالوودەی جگەرەکێشان بوون، تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 17 ساڵە، ئەوانیش بەشێکی بەرچاویان بە دزیی دایک و باوکیانەوە لەگەڵ هاوڕێکانیان جگەرە دەکێشن.
هەموویان زیانەکانی جگەرەکێشان دەزانن، بەڵام هاوڕێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خۆدەرخستن هۆکاری سەرەکی بووە بۆ فێربوونیان. لە ماوەی نیو کاژێر کە پەیامنێری رووداو لەگەڵ پێنج مێرمنداڵ دانیشت، زیاتر لە 30 جگەرەیان کێشا و گوتیان، هەر لە ئێستاوە ئالوودە بوون.
لە وەڵامی ئەوەی "چۆن فێری جگەرە کێشان بووە؟" یەکێک لەو پێنج مێرمنداڵە گوتی، "بچووک بووم حەزم لێبوو، دەمبینی بەدەست گەورەکانەوە و حەزم لێی بوو، لە تەمەنی 11 و 12 ساڵییەوە فێری جگەرەکێشان بووم، هەرکات دەچوومە دووکانەکان، داوام دەکرد پاکەتێکم بدەنێ و دەیاندامێ، کەس لە تەمەنی نەدەپرسیم، ئەوان خواخوایان بوو جگەرە بفرۆشن."
یەکێکی دیکە لەو هەرزەکارانە، کە تەمەنی 17 ساڵ بوو، گوتی، "جگەرە و ڤەیپ و نێرگەلەش دەکێشم، ئەوانەی کە لێرەین هەموومان جگەرە دەکێشین، زیاتر لە 15 کەس دەبین، ئەوەی جگەرە نەکێشێت نایەتە لای ئێمە."
یەکێکی دیکە لەو مێرمنداڵانە کە لە پۆلی هەشت بوو، گوتی، "پۆلەکەمان نزیکەی 35 قوتابی بووین، لەو ژمارەیە 20 قوتابی جگەرەی دەکێشا، هەر کاتێکیش مامۆستاکان پۆلەکان بپشکنن یان قوتابییەک سزا بدەن، کەس گوێی ناداتی؛ قوتابییەکە دوای دوو رۆژ دێتەوە و دەستپێدەکاتەوە."
دووکاندارێک کە جگەرەش دەفرۆشێت، باسی لەوە کرد، لەنزیک دووکانەکەی قوتابخانە هەیە و هەموو رۆژێک منداڵ یاخود مێرمنداڵان دەچنە لای و داوای ڤەیپ و پۆد و جگەرە دەکەن.
سەرکەوت بیلال، خاوەن دووکان بە رووداوی گوت، "منداڵ هەبووە تەمەنی 12 ساڵ بووە گوتوویەتی دوو ساڵە جگەرە دەکێشم، کەواتە لە تەمەنی 10 ساڵییەوە جگەرەی کێشاوە، رۆژی پاکەتێکیش دەکێشن، رۆژانەش منداڵ زۆر دێن کە داوای ڤەیپ دەکەن."
کازم جەوهەر، جگەرەفرۆش بە رووداوی گوت، "پێشتر لە بازاڕدا 10 جۆر جگەرە هەبوون، بەڵام ئێستا 1010 جۆر هەن، هەموویشی یەک زبڵە و سەرچاوەکەی یەکە و هەر خراپە."
هەرچەندە دوای بەدواداچوونەکانی پێشووی رووداو لە زۆرینەی بازاڕ و دووکانەکانی دهۆک و هەولێر ڤەیپ قەدەخە کراوە، کە ئەویش زیانەکەی کەمتر نییە لە جگەرە، بەڵام هێشتا بە شاراوەیی دەفرۆشرێن و لە پەنا جگەرەدا ئەوانیش زیان و هەڕەشەیەکی بەردەوامن بۆ بەکارهێنەرانیان، بەتایبەت بۆ منداڵان.
بازرگانیی جگەرە گەیشتووەتە ئاستێکی هەرزان و بێ کوالێتی، کە دەتوانرێت بە 500 و تەنانەت 250 دیناریش پاکەتێکی 20 جگەرەیی بکڕدرێت. تام و بۆنی جیاواز و سەرنجڕاکێش، هەرزانیی نرخ، ئاسانی بەدەستگەیشتن و کەمیی چاودێری و هۆشیاری، هۆکارن تەمەنی جگەرەکێشان بۆ ئاستی خوێندکاری بنەڕەتی دابەزێت.