کەسێک لە سنووری رانیە خەسووی دەکوژێت و سێ کەسیش بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارقوڕنەی سنووری راپەڕین گەنجێک تەقەی لە ماڵی خەزووری کردووە، پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، خەسووی خۆی کوشتووە.
مستەفا رەسووڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەسێک لە چوارقوڕنە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری؛ خەسووی کوشتووە و سێ کەسی دیکەشی بریندار کردووە.
دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەی رووداوەکە تێیدا روویداوە بە رووداوی گوت، "بوو بە تەقە و کاتێک هاتمە دەرەوە، گەنجێک بە ماتۆڕەوە رۆشت کە تەقەی کردبوو. ژنێک لە کۆڵانەکە کەوتبوو و گیانی لەدەستدابوو. جگە لەوەش دوو کوڕ و کچێکی ئەو ژنە بریندار بوون."
دانیشتوویەکی دیکەی هەمان گەڕەک ئاماژەی بەوە کرد کە رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 13:30 بووە، "کاتێک هاتمە دەرەوە، ژنێک و یەکێک لە کوڕەکانی ئەو ژنە لەناو کۆڵانەکە کەوتبوون. دیاربوو کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە."