وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: لەسبەیەوە رۆژانە نزیکەی دوو کاژێر هێڵی ئینتەرنێت نامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، "سبەی بەهۆی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، رۆژانە بۆ ماوەیەکی کاتی هێڵی ئینتەرنێت دەپچڕێت."
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە، کۆمپانیاکانی هێڵی ئینتەرنێتمان ئاگادار کردەوە، لە سبەیەوە تاوەکو 29ـی حوزەیران رۆژانە لە کاژێر 06:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 07:45 هێلی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جگە لە چەند شوێنێکی دیاریکراو دەپچڕێت."
وەک گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، هەریەکە لە سەنتەری زانیاری هەژماری من لە گەڕەکی 32ـی پارک، سەرجەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)، سەرجەم بانکەکان، فڕۆکەخانەکان، داتا سەنتەری پڕۆژەی رووناکی و پێوەری زیرەک، بەدەرن لە بڕیاری بڕینی ئینتەرنێت."
ئەمڕۆ نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان بە رووداوی گوت، "سبەی یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشداری زیاتر لە 115 هەزار قوتابیی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستپێدەکات."