سبەی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بە بەشداری زیاتر لە 115 هەزار قوتابی دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان دەڵێت، سبەی یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشداری زیاتر لە 115 هەزار قوتابی زانستی، وێژەیی و پیشەیی دەستپێدەکات.
 
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکان زۆر بەباشی کراون، سبەی یەکەم تاقیکردنەوە بەڕێوەدەچێت، دوو هەزار و 17 هۆڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەکراون."
 
بە گوتەی نوورەدین عوسمان، تاقیکردنەوەکان مانگێک دەخایێنن و 29ـی حوزەیران تەواو دەبن. گوتیشی، "زیاتر لە 115 هەزار قوتابی وێژەیی، زانستی و پێشەیی کاژێر 07:30 تاقیکردنەوەکان دەکەن."
 
هەفتەی دوو تاقیکردنەوە دەکرێت لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان گوتی، "ریزبەندیی وانەکان وەک ساڵانی رابردووە، بۆ زانستی بە زیندەزانی و بۆ وێژەیی بە مێژوو دەستپێدەکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان دەڵێت، دوو تاقیکردنەوە پێش جەژن دەکرێت، هەر رۆژێکیش پشووی فەرمی بێت، پاش پشووەکە تاقیکردنەوەکان بە ریزبەندیی خۆیان بەردەوام دەبن.
 
لەبارەی گزیکردنیشەوە، نوورەدین عوسمان قوتابییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، "هەر قوتابییەک گزی بکات، تەواوی ساڵەکە بە کەوتوو هەژمار دەکرێت و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو."