تەرمی حەوت کوردە کوژراوەکەی کۆنیا بە خاک دەسپێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
خانەوادەی دەدەئۆغوڵڵاری کە دوێنێ هەینی لەنێو ماڵیاندا لەناوچەی مەرام-ی سەر بە پارێزگای کۆنیا بەدەستڕێژی گوللـە تەواوی حەوت ئەندامی خێزانەکە کوژران، ئەمڕۆ بە خاک سپێردران.
عەبدولڕەحمان کارابوڵوت، پارێزەری خێزانە کۆمەڵکوژکراوەکەی دەدەئۆغوڵڵاری رایگەیاند، دادپزیشکی نەخۆشخانەی گشتیی کۆنیا کاری توێکاری بۆ تەرمەکان تەواوکردووە. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش تەرمەکان وەرگیرانەوە و رادەستی کەسوکاریان کرانەوە. بە ئامادەبوونی سەدان کەسیش، نوێژی مردوویان لەسەرکرا.
کارابوڵوت راشیگەیاند؛ بەخاکسپاردنی تەرمی هەر حەوت کوژراوە کوردەکە لە گۆڕستانی سەراجئۆغڵو لە کۆنیا دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی هەدەپە، جەهەپە و ژمارەیەک لایەنی سیاسی و خەڵکی ناوچەکە بەشداربوون لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردنیان.
ئێوارەی رۆژی هەینی 30ی تەممووزی 2021، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لەماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بە ئاگادارکردنەوەی دراوسێیەکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دامڕکێندرا.