مەسرور بارزانی: چاوەڕێی سزادانی بکوژانی خێزانە کوردەکەی کۆنیا دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی هەینی، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. مەسرور بارزانی لەو بارەوە رایدەگەیێنێت، "زۆر دڵتەنگم بە هەواڵی تایبەت بە ئەنجامدانی هێرشێکی دڕندانە بۆسەر خێزانێکی کورد لە کۆنیای تورکیا".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی کەسوکاری کوژراوەکان دەکات و رایدەگەیێنێت، "چاوەڕوان دەکەم ئەنجامدەرانی هێرشەکە بەتەواوی سزابدرێن".
پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشی سەر خێزانێکی کورد لە تورکیا دەکەین، هاوخەمی کەسوکار و خۆشەویستانی قوربانییەکانین. ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت، رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."
ناوی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا کوژراون بەمشێوەیەیە: یاشار دەدەئۆغوڵڵاری، باڕش دەدەئۆغوڵڵاری، سەرپیل دەدەئۆغوڵڵاری، سێراپ دەدەئۆغوڵڵاری، ئیپەک دەدەئۆغوڵڵاری، مەتین دەدەئۆغوڵڵاری و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری.
ئەوە لەکاتێکدایە، 12ـی ئەم مانگەش گرووپێکی "تووندڕەو" هێرشیان کردە سەر هەمان خێزان و حەوت ئەندامی خێزانەکەیان بریندار کرد. ئەوکات بەشێک لەو گرووپە "تووندڕەوە" دەستگیرکران و دواتر پێنج کەسیان ئازادکران.
ئەو خێزانە کوردە 24 ساڵ بوو لەو ناوچەیەی کۆنیا دەژیان. ئەو ماڵەی ئەوکات هێرشیان کردبووە سەر خێزانە کوردەکە، دراوسێی خۆیان بوون.
سولەیمان سۆیلو، وەزیری نێوخۆی تورکیا لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "ئەم رووداوە بەهۆی دووژمندارییەکی 11 ساڵانەوە روویداوە. پێموایە هاوڕێیەکانمان لە نزیکترین کاتدا دەستگیریان دەکەن."
لە راگەیێندراوێکیشدا، ناوەندی راگەیاندنی هەدەپە بڵاویکردەوە، "پارتەکەمان، لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییە ترسناک و دڕندانەیەی لە کۆنیا روویداوە، لە هەموو رەهەندێکەوە بەدواداچوونی وردی بۆ دەکات. دەستەی راپەڕاندنی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەمان لە کۆنیا و تەواوی دامەزراوەکانی پارتەکەمان تاوەکو زانینی هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، لەسەر هێڵ دەبن."