تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت
رووداو دیجیتاڵ
بۆ ماوەی 24 کاژێر تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت، گوتەبێژی هاتووچۆی قەزاکە دەڵێت، لە ماوەی داخستی تونێلەکەدا رێگەی چیای بەرانان بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک و سەنگاو بۆ بارهەڵگرەکان دەبنە رێگەی جێگرەوە.
رۆژی دووشەممە، 31ـی تەممووزی 2023، موقەدەم جاسم عەلیخان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەقامی دووسایدی بەردەم تونێلەکە قیرتاو دەکرێت، بۆیە بڕیارماندا سبەی کاژێر 06:00 ـی بەیانی بۆ دوو سبەی سێشەممە 06:00ـی بەیانی هاتووچۆ لە تونێلەکەدا رابگرین".
بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان گوتیشی، لەکاتی داخستنی تونێلەکەدا تەنیا ئۆتۆمبێلی بچووک رێگەی پێدەدرێت بە چیای بەراناندا هاتووچۆ بکات. گوتیشی، "چیای بەرانان بەرزە و بەم گەرمایە ناکرێت بارهەڵگر هاتووچۆی تێدا بکات، بۆیە دەبێت ئەوان رێگەی سەنگاو بەکاربهێنن".
تونێلی دەربەندیخان، لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە؛ جگە لە قەزای دەربەندیخان، قەزا و ناحییەکانی ئیدارەی گەرمیان، قەزای خانەقین و ناحیەی گوڵاڵەش بە سلێمانەوە دەبەستێتەوە.