لە نەینەوا دوو رۆژ بۆ کوردانی ئێزدی کرایە پشوو
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری پارێزگای نەینەوا، دوو رۆژ بۆ کوردانی ئێزدی لە فەرمانگەکانی ئەو پارێزگایە کرایە پشوو.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، رۆژی دووشەممە، 30-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵپشت بە نووسراوێکی دیوانی وەقفی ئاینەکانی مەسیحی و ئێزدی و سابیئە کە لە 27-07-2023 ئاراستەی پارێزگای نەینەوای کراوە، بەبۆنەی جەژنی چلەی هاوینەی کوردانی ئێزدی، نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا بڕیاری دا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کە دەکاتە 1-2ی مانگی 8 پشووی فەرمی بێت بۆ پێکهاتەی کوردانی ئێزدی لەسەرجەم فەرمانگەکانی نەینەوا.
لە رووی دابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووانەوە، کوردانی ئێزدی زیاتر دەکەونە سنووری پارێزگای نەینەوا بەتایبەتی قەزای شنگال و دەشتی نەینەوا.
جەژنی چلەی هاوین، یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی، جەژنەکە بە رێوڕەسمی جیاواز لە پەرستگای لالش بەڕێوەدەچێت. خەڵکی ئێزدی بۆ بەشداری کردن لەو جەژنەدا، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەردانی باشووری کوردستان دەکەن. ئەو جەژنە بە بۆنەی تێپەڕبوونی وەرزی هاوینەوە دەگێڕدرێت.