سەرۆک بارزانی لە یادی ئەنفالی بارزانییەکان: هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان دەبینین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 40 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەداخەوە، لەكاتێكدا 40 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان لە خەیاڵدان و رەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین."
ئەمڕۆ دووشەممە، 31-07-2023، سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا لەبارەی تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکان رایگەیاند، "ئەو تاوانە بەشێک بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەشێوەیەكی رێكخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و توواندنەوە بەسەر رۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیابارانكردنى هەڵەبجە و ناوچەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و راگواستن و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان."
ئەمڕۆ 40 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بێسهروشوێنكردنى ههشت ههزار مێرمنداڵ، گهنج، پياو و پيرى بارزانى كه كۆتايی تهممووز تاوەکو نێوهڕاستى ئابى 1983 له كۆمهڵگه زۆرملێكاندا، بوونه قوربانيى تاوانێكى دڕندانه و ههڵمهتێكى رهشبگيريى دهسهڵاتى ئهوساى عێراق.
شاڵاوەکانی ئەنفال کە ئێستا لەلایەن عێراق و ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی بە جینۆساید ناسێندراوە، هەشت قۆناخی خایاند. سەرەتاش بە ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی دەستیپێکرد.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت، "40 ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس لە هەڵمەتێكی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا 90 ساڵی، دەستبەسەركرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن."
دەشڵێت، "بەداخەوە، لەكاتێكدا 40 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی كوردستان لە خەیاڵدان و رەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین، ئەوەش خۆیلەخۆیدا گرفتی سەرەكیی گەلەكەمان بووە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە نامرۆڤانەیە كە سەرچاوەی نەهامەتی و ناسەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و ناوچەكە."
سەرۆک بارزانی "پێزانینی" خۆی بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕێت کە لەو کاتە سەختەدا بە هانای بارزانییەکانەوە چوون بەتایبەت لە دەشتی هەولێر، هەریر و سۆران و دەشڵێت، "سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانییانە دەكەم كە ساڵانێكی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان تەحەمول كردووە و بوونە نموونەی باڵای خۆڕاگری و رەوشتبەرزی و كوردپەروەری."