سەرۆک بارزانی لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان: لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون کۆمەڵکوژ کران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رژێمی پێشوو هەشت هەزار بارزانی، "تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن."
لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا هاتووە، "ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە."
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو عەقڵیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە."
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 41 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
رژێمی پێشووی عێراق لە کردەوەیەکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرتاسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان.
لە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها سوپاسی خەڵكی بەئەمەكی كوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەین كە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەین كە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.
ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە.
ئەو عەقلیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە.
مسعود بارزانی
31ی تەممووزی 2024