دادگەیەکی عێراق بڕیار لە بەرژەوەندیی 45 کارمەندى سلێمانی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی عێراق بڕیاری دا، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناچار بکات گرێبەستی هەڵپەسێردراوی 45 کارمەندی کۆمیسیۆن بگۆڕێت بۆ گرێبەستی بەکارخستن.
بڕیارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـى تەممووزى 2025، لەلایەن دادگەی قەزای کارگێڕیی عێراقەوە دەرچووە و گرێبەستی ئەو 45 فەرمانبەرە دەکرێتە گرێبەستى بەکارخستن.
ئازاد دۆسکی، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: "ئەو کەسانە گرێبەستەکانیان لەدوای ساڵی 2014ـەوە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان راگیرابوو. دوای شەش دانیشتن، دادگە بڕیارێکی لە بەرژەوەندییان دەرکرد."
ژمارەی ئەو کارمەندانەی ئەم کێشەیەیان هەیە 75 کەس بوون، بە گوتەی ئازاد دۆسکی، دوای ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەو 45 کارمەندەوە دەرچوو، رێکاری یاسایی بۆ کارمەندەکانی دیکەش لە رێگەی دادگەوە دەگرێتەبەر بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر کار.
سکاڵالێکراوان لەو دۆسیەیەدا بریتی بوون لە وەزیری دارایی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
لە بڕیاری دادگەکەدا بۆ ئەو 45 کارمەندە هاتووە: "دادگە بڕیاری دا بە پەسندکردنی داوایسکاڵاکاران و ناچارکردنی سکاڵالێکراوان بە گۆڕینی گرێبەستی هەڵپەسێردراوی سکاڵاکاران بۆ گرێبەستی هەمیشەیی."