ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین: مانگانە بەناوی سەنتەری رۆشنبیرییەوە 2,500 دینارمان لێ دەبڕدرێت

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێن، بەناوی سەنتەری رۆشنبیرییەوە مانگانە هەر یەکەیان دوو هەزار و 500 دینار لە مووچەکەیان دەبڕدرێت. سەرۆکی سەنتەرەکە دەڵێت، بۆ خزمەتگوزاری خەرج دەکرێت. وەزارەتی خوێندنی باڵاش "بێ ئاگایە" لە بڕینی پارەکە.
 
ژمارەیەک مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "بەناوی پارە بۆ نۆژەنکردنەوە، نزیکەی دوو ساڵە مانگانە 2500 دینار لە مووچەکەمان دەبڕدرێت".
 
ئەو مامۆستایانە ئاماژە بەوە دەکەن، سەنتەرەکە حکومییە و ئەرکی مامۆستایان نییە بە هیچ پاساوێک پارە بدەن، یان پارەیان لێ ببڕدرێت.
 
د. شاڵاو عەبدولخالق، بەڕێوەبەری سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی دوو ساڵە ئەو پارە وەردەگیرێت، بڕیارەکە لە سەرۆکایەتیی زانکۆ و ئەنجوومەنی زانکۆوە دەرچووە، نەوەک ئێمە".
 
بە گوتەی شاڵاو عەبدولخالق، ئەوان لە بەرامبەر ئەو پارەیەدا خزمەتگوزاری پێشکێشی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەن، "بۆ نموونە چەند خولێکمان کردووەتەوە، خولی مۆسیقا و وێنەکێشان، ئەو خولانە لە دەرەوە لانیکەم 150 هەزار دینارە، ئێمە بۆ منداڵانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ 12 هەزار و 500 دینار وەردەگرین".
 
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی پارەکە بۆ خەرجی و نۆژەنکردنەوەی سەنتەرەکە بۆ خزمەتی مامۆستایانی زانکۆکە خەرج دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پارەدان بۆ ئەندامانی سەنتەرەکەیە و بە زۆریش لە مامۆستایان وەرناگیرێت، بەڵکو ئەندامانی سەنتەرەکە دەبێت پارەکە بدەن".
 
مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: "نە ئەندامی سەنتەرم و نە منداڵیشم بردووەتە خولەکانی سەنتەر و مانگانەش پارەم لێبڕدراوە".
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگاداری وەرگرتنی پارە نییە. بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتەکە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "ئێمە ئاگادار نین، بەڵام لە زۆر بڕیاردا زانکۆکان سەربەخۆیی خۆیان هەیە، هەر مامۆستایەکیش ناڕەزایی و هەیە هەستدەکات بە زۆر پارەی لێوەردەگیرێت و بڕەکەی پێ زۆرە، دەتوانێت لە کارگێڕی و ئابووریی زانکۆکەکە سکاڵا تۆمار بکات".
 
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەشی ئەکادیمی پێکدێت، ژمارەی خوێندکارانی نزیکەی 25 هەزار خوێندکارە و نزیکەی دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵاشی هەیە.