تانە لە ئەنجامی کۆنگرەی کۆمەڵ دەدرێت و دەنگەکان دەژمێردرێنەوە؛ 'کۆمیسیۆن ئەنجامەکەی پەسەند نەکردووە'

رووداو دیجیتاڵ

دوای 11 رۆژ لە کۆتاییهاتنی کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی، کێشە لە ئەنجامی کۆنگرە دروستبووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنیش ئەنجامەکەی پەسند نەکردووە.
 
19ـی تەمموزی 2025، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی لە هەولێر کرد و دوو رۆژی خایاند، لە رۆژی دووەمدا بە زۆرینەی دەنگ 29 ئەندامی سەرکردایەتی و 4 ئەندامی یەدەگی بۆ سەرکردایەتی هەڵبژارد.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دوای کۆنگرەوە ناڕەزایی لەسەر ئەنجامەکان سەریهەڵداوە، کە بەشێکی بەربژێرانی سەرکردایەتی کە دەرنەچوون گوتوویانە، "دەستکاری دەنگەکانیان کراوە".
 
هەرچەند چەند دەنگۆیەک هەن، کە زیاتر لە یەک ئەندامی سەرکردایەتیی هەڵبژێردراو بەهۆی دەستکاریکردنی دەنگانەوە گۆڕدراوە بە کەسێکی دەرنەچوو، بەڵام بەرپرسانی حیزبەکە رەتیدەکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە ئەندامێکی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتیی کۆمەڵ بە رووداوی گوت: "هیچ ئەندامێکی هەڵبژێردراو گۆڕانکاری پێ نەکراوە، ئەوەی دەرچووە بە دەنگی کۆنگرە بووە".
 
بەرپرسێکی دیکەی باڵا لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت: "بابەتەکە تەواو یاساییە و کۆمیسیۆن و پەیڕەوی نێوخۆشمان وایە، کە کەسێک گومانی لە دەنگ و ئەنجامەکانی هەبێت دەتوانێت تانە بدات".
 
ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی کۆمەڵ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان رەتناکەنەوە و دەڵێن: "هەموو کەسێک ئازادە تانە لە ئەنجامەکان بدات، بێگومان کە تانەش درا ژماردنەوە و بەدواداچوون دەبێت بکرێت و ئاساییە".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "چەند ئەندامێکی هەڵبژێردراو و هەڵنەبژێردراو هەن دەنگەکانیان لە یەک بۆ 8 دەنگ جیاوازە، ئەوانەی دەرنەچوون تانەکانیان داوە".
 
لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، عەلی باپیر جارێکی دیکە بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری هەڵبژێردرایەوە. بەرپرسانی حیزبەکە جەخت دەکەنەوە: "هیچ کەس تانەی لە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک نییە و رکابەریشی نەبووە لە کۆنگرەدا".
 
زانیارییەکانی رووداو ئاماژە بەوە دەکەن: "تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی تانەدان لە ئەنجامەکان، سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆنەبووەتەوە و ئەنجامەکانی پەسند نەکردووە".
 
رووداو زانیویەتی، کە تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئەنجامی کۆنگرەی حیزبەکەی پەسند نەکردووە.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دەبێت سەرکردایەتیی نوێی کۆمەڵ دوای کۆنگرە کۆببێتەوە، ناوی سیانی ئەندامانی سەرکردایەتی، ژمارەی دەنگەکانیان و پەیڕەوی نێوخۆیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بە پەسندکراوی ئاراستەی کۆمیسیۆن بکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراوێکیان نەداوەتە کۆمیسیۆن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی نەناردنی ناوەکانەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی پەسند نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی یاسای بەردەست، دۆخەکە ئاساییە و کات هەیە لە رۆژانی داهاتوودا کۆمەڵ ناو و نووسراوەکان بداتە کۆمیسیۆن لە بەغداوە ئەنجامی پەسندکراو وەربگرێت.
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
 
ئەو حیزبە کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.
 
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.