ئایدن مەعرووف: هیچ گرفتێک لە بەردەم هاتنی مووچەی مانگی حوزەیران و تەممووزدا نییە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ''بەبێ جیاوازی'' پاڵپشتیی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان دەکات. لەبارەی هاتنی مووچەی مانگی حوزەیرانیش ئاماژەی بەوە دا، ''هیچ گرفتێکی لە بەردەمدا نییە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-07-2025، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''پێشوازییەکەی دەرخەری گرنگیدان بوو بە مافی پێکهاتەکان.''
 
ئایدن مەعرووف گوتی، پێشتریش نێچیرڤان بارزانی ''بەبێ جیاوازی'' پاڵپشتیی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بەگوتەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئێستا پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ''زۆر بەرز''ـدایە و ''لە دیدارەکەدا باس لە پاڵپشتیی پێکهاتەکان کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی چالاک و بەردەوام، لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بەشدار بن.''
 
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئایدن مەعرووف و شاندێکی یاوەری کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی "داکۆکیی لە هاووڵاتیبوون و ماف و ئەرکەکانی هەموو پێکهاتەکانی کردەوە" و پابەندیی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی کولتووری لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن دووپاتکردەوە.
 
''بۆ هاتنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز گەشبینم''
 
ئایدن مەعرووف لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی، ''مووچە مافێکی سەرەتایی و دەستووریی مووچەخۆرانە، بەڵام لەلایەن بەغداوە بابەتەکە بە سیاسی کراوە و لە رابردووشدا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێنراوە.''
 
بەپێی دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـى تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند کرا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت و مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، بۆ ئەوەی بەغداش مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتەی نییە کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە. هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەکان و راوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاداری 2023ـەوە وای کردووە بەرهەمهێنان کەم ببێتەوە.
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان جەختی لەوە کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی گرفتی مووچە، ''یەکهەڵوێستیی لایەنەکان گرنگە، هەر ئەو جۆرەی کە کاری پێکەوەیی پارتی و یەکێتی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دوایین رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو.''
 
بەگوتەی ئایدن مەعرووف، ''تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و نەوت هیچ گرفتێکی تێدا نییە و گەشبینە بە هاتنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووز لە ماوەیەکی کەمدا.
 
سەرەڕای ئەوەی لە دوایین رۆژی مانگی تەممووزداین، هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
 
وەزارەتی دارایی عێراق 24ـی تەممووز مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نارد.