دەستەی وەبەرهێنان: ئەوانەی وەبەرهێنان لە بواری ریسایکلین دەکەن، ئاسانکارییان بۆ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، چەندین پڕۆژەی ریسایکلین لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئامادەن بۆ فراوانکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە و ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن، دەبێت دەستەی ژینگە رەزامەندی لەسەر دابێت و پڕۆژەکە بە تەواوی دۆستی ژینگە بێت هەموو مەرجەکانی ستانداردی جیهانی تێدا بێت کە لەگەڵ هەموو پێوەرەکانی ژینگە بگونجێت".
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی لەگەڵ وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکان لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە بواری ریسایکلینی خاشاک و ئاودا؛ بە تایبەتی ئەڵمانیا.
دوێنێ سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، خاشاک زۆر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، "رۆژانە زیاتر لە 7000 تۆن خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە."
لەوبارەیەوە گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "ئامادەین هاوکاری ئەو وەبەرهێنەرانە بکەین کە لە بواری ریسایکلینی خاشاک و پاشماوەکان وەبەرهێنان دەکەن، ئەو وەبەرهێنەرانەی ئەم پڕۆژانە جێبەجێ دەکەن لە پێدانی زەوی و راییکردنی مامەڵەکان ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت، ئەگەر کۆمپانیاکە بیانی بێت 10 ساڵ لە باج دەبەخشرێت".
وەک بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت، نزیکەی پێنج پڕۆژەی ریسایکلین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەن، گەورەترینیان پڕۆژەی ریساکلینی هەولێرە، کە بە سەدان هەلی کاری رەخساندووە، هەلی کارەکانیش 100٪ خۆماڵین.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دوێنی لەبارەی چارەسەری زۆربوونی خاشاک گوتبووی: "دوو رێگە هەن، پێویستە کارگەیەکی گەورەی ریسایکلین لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت، هەروەها هۆشیاریی خەڵک بەرز بکرێتەوە، تاوەکو کەمتر ئەو کەرەستە و کەلوپەلانە بەکاربهێنن کە پاشماوەیان هەیە و کەلوپەلی جێگرەوە بەکاربهێنن، ئەگەرنا مەترسییەکە زیاتر تەشەنە دەسێنێت." گوتیشی، "تێچووی هەر تۆنێک خاشاک 50 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆرە و مانگانە دەکاتە 10.5 ملیار دینار."