شاخەوان عەبدوڵڵا: گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەی راستەقینەن بۆ ئاسایش و ئاشتەوایی و کۆمەڵایەتی

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، چەکی کۆنترۆڵ نەکراوی گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشەی راستەقینەن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی. جەختی لەوە کردەوە، لە ماوەی رابردوودا دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراویان ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتان کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف بەڕێوەچوو. گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.  
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەشێکی گوتارەکەی تەرخانکرد بۆ هێرشە درۆنییەکان کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج و زیانی بە ژێرخانەکان گەیاند و هێرشەکان بە تیرۆریستی ناساند. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاند، "سەرباری هەوڵی حکومەتی عێراق بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بەڵام تاوەکو ئێستا چەکی کۆنترۆڵ نەکراوی گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشەیەکی راستەقینەن بۆ ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی."
 
هەروەها گوتی، "لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان کردەوەی تیرۆریستی مەترسیداریان ئەنجامدا بە بەکارهێنانی دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو، کە ژێرخانی وزە و دامەزراوە و کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج."
 
ئاماژەی بە زیانی هێرشە درۆنییەکان کرد و گوتی: "هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی بەرهەمی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان پەکبخرێت و رابگیرێت. هەروەها کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر دۆخی ئابووری و مرۆیی ناوچەکە."  
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
 
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.