بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆکایەتی پارتی رێگەی سێیەم دەخاتەڕوو

رووداو- هەولێر

لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 30/8/2015، پارتی دیموکراتی کوردستان سێ پێشنیازی جیاوازی دەربارەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خستوونەتەڕوو.

یەکەم: هەڵبژاردنی راستەوخۆ بۆ سەرۆک بکرێت و خەڵک دەنگی پێبدات.

دووەم: گشتپرسی بکرێت و خەڵک بڕیاربدات سەرۆک لەنێو پەرلەمان یان لەنێو خەڵکدا هەڵبژێردرێت.

سێیەم: پەرلەمانی داهاتوو سەرپشک بکرێت لەوە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک دیاریبکات.
 
ئەوەی خاڵی هاوبەشی پێشنیازەكانی پارتییە ئەوەیە، کە لە هەرسێ پێشنیازەكەدا لایەنەکان بۆ چارەسەری پرسەکە دەگەڕێنەوە بۆ خەڵک.

ئەوەی لە پێشنیازەکانی پارتیدا تازەیە پێشنیازی سێیەمە، کە داوادەکات پەرلەمانی داهاتوو سەرپشك بکرێت بۆئەوەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک دیاری بکات. پارتی لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت بابەتی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتوو ببێتە یەکێک لە تەوەرەکانی کامپەینی هەڵبژاردنی لایەنەکان.

ئەندامێکی شاندی پارتی دەربارەی پێشنیازی سێیەمی پارتی بە"باشترین چارەسەری مامناوەند" ناوزەندی دەکات و دەڵێت ئەگەر لایەنەکانی دی پەسەندی نەکەن، ئەوا دیارە چارەسەریان ناوێت.
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکەی هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو سیناریۆیانەی باسکرد کە بڕیارە لایەنەکان تا یەکشەممەی داهاتوو لەنێوان خۆیاندا تاوتوێی بکەن. پێشنیازی سێیەمی پارتیش یەکێکە لەو بژاردانەی کە لایەنەکان بڕیاریانداوە گەنگەشەی بکەن.