سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان: "مامە ڤاندام" بۆ پەرلەمان بەربژێر ناکەین
رووداو - هەولێر
سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان 100 بەربژێریان دەبێت و دەشڵێت، لەنێو بەربژێرەکانیاندا کەسێک نییە بەناوی "مامە ڤاندام".
رۆژی چوارشەممە، 31ـی ئابی 2022، ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان خۆمان ئامادە دەکەین و تاوەکو ئێستا 300 کەسی خۆبەخش سیڤییان ناردووە بۆ بەربژێرکردنیان، بەڵام ئێمە 100 بەربژێرمان دەبێت".
دەنگۆی ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە کەسایەتییەکی نێو سۆشیال میدیا ناسراو بە "مامە ڤاندام" یەکێک دەبێت لە بەربژێرەکانی پارتی سەوزی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان؛ بەڵام سەرۆکی پارتەکە ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە.
ملکۆ بازیانی گوتی: "رێزمان بۆ مامە ڤاندام هەیە و خاوەنی کەسایەتیی بەڕێزی خۆیەتی، بەڵام بەربژێری ئێمە نییە و ئێمە 100 بەربژێرمان هەیە کە زۆرینەیان کەسانی شارەزای بواری ژینگەن و مامۆستای زانکۆ و کەسانی خاوەن کەسایەتین."
سەبارەت بە بەربژێرەکانیان، ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتەکە، کە ناوەندەکەیان لە سلێمانییە دەڵێت، جەماوەریان زۆربووە و بەگوێرەی جەماوەرەکەیان بەربژێریان دیاریکردووە، بە گوتەی ئەو، لە نێو دهۆک پێنج بەربژێریان دەبێت، هەروەها لە هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شار و شارۆچکەکانی دیکە بەربژێریان دەبێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، کاری سەرەکیی ئەوان پاراستنی ژینگەیە و دەیانەوێت لە داهاتوودا داوای دروستکردنەوەی وەزارەتی ژینگە بکەن، کە لە رابردوو لە هەرێمی کوردستان هەبووە و ئێستا نەماوە.
پارتی سەوزی کوردستان لە 5ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە شاری سلێمانییە.