عێراق یەکەم بیری کێڵگەی نەوتی خەبازە چاکدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی، یەکەم بیری کێڵگەی نەوتی خەبازەی لە سنووری پارێزگای کەرکووک چاککردەوە. سەرۆکی ئەندازیاران لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، "هیچ بیرێکی نوێی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لێنەدراوە، ئەوەی هەیە چاککردنەوەی بیرەکانە."
 
کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی، بیری ژمارە 43ی کێڵگەی نەوتی خەبازەیان چاککردەوە، ئەمەش بەپێی گرێبەستێک کە لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور کردوویەتی بۆ چاککردنەوەی 9 بیری کێڵگەی نەوتی خەبازە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری هەڵکەندنی IDC 206 کە هێزەکەی 1500 ئەسپە.
 
لە پرۆسەی چاککردنەوەی بیرەکاندا "تۆپەوانە" قوفڵی کۆنترۆڵی ژێرەوە دادەبەزێندرێتە نێو بیرەکە بۆ پاراستنیان.
 
فەرهاد حەمزە، سەرۆکی ئەندازیاران لە کۆمپانیای نەوتی باکوور رۆژی 31-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بیرێکی نوێی نەوت لێنەدراوە، ئەوەی هەیە چاککردنەوەی بیرەکانە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەوەش بابەتێکی بەردەوامە لەگەڵ کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی، بە شێوەیەک کە ئەو بیرانەی پێویستیان بە چاککردنەوە بێت چاک دەکرێنەوە. بیر هەیە پێویستی بە پاککردنەوەیە، بیر هەیە پێویستی بە قووڵکردنەوەیە، بیر هەیە ئاوی تێدایە و بیریش هەیە کێشەی هەیە و پێویستی بە چاککردنەوەیە. ساڵانە چەندین بیری نەوت پێویستیان بە چاککردنەوە دەبێت، لەگەڵ کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی گرێبەست دەکرێت و دەست بە چاککردنەوەیان دەکات."
 
بەڵام سەرۆکی ئەندازیاران لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، ئێستا کارێکی دیکەی لەگەڵ دەکرێت، ئەویش دانانی قوفڵی کۆنترۆڵکردنەوەیە بۆ بیرەکان، کە ئامانج لێی ئەوەیە ئەگەر رووبەڕووی تەقینەوە و ئاگر ببێتەوە، ئەوا خۆی بۆریی بیرەکە دەگرێتەوە. هاوکات فەرهاد حەمزە، دەشڵێت، ئەوەی کێڵگەی نەوتی خەبازە ئەمساڵ یەکەم بیرە کە بەپێی ئەو گرێبەستە چاککراوەتەوە. ساڵی رابردووش نزیکەی 12 بیر چاککرانەوە کە زۆربەیان لە کێڵگەی نەوتی بای حەسەن بوون.
 
پێنج کێڵگەى سەرەکیی نەوت لە پارێزگای کەرکووک هەن کە بریتین لە هاڤانا، باى حەسەن، جەمبوور، خەبازە و بابا گوڕگوڕ.