ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: پێمان ئاساییە پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی راگەیاند، ئەوەی ژمارەیەک عەرەب، تورکمان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە دژی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەیکەن "نایاسایی"یە و دەشڵێت، "پارتی حیزبێکی فەرمییە و کردنەوەی بارەگاکانی لە کەرکووک یاساییە."
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 رێبوار تەها، ئەندامی سەرکرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نیگەرانین لە داخستنی رێگە و شەقامەکان لە کەرکووک و هیچ کات لەگەڵ ئەم کردەوەیەدا نین کە دژ بە دەستوور، یاسا و سەرجەم بنەماکانی مافی مرۆڤە."
ماوەی پێنج رۆژە لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندانە؛ بەشێکیان هی گوندەکانی دەوروبەری کەرکووکن و بەشێکیشیان بەپێی زاراوە لە خەڵکی دیالە و بەغدا دەچن.
خۆپێشاندان و مانگرتنی بەشێک لە عەرەب و تورکمان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی دوای ئەوە دێت کە بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبووایە لە ماوەی 72 کاژێردا بارەگای ئۆپەراسیۆنەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی بکرێتەوە. ئێستا ئەو وادەیە تەواوە بووە و هێشتا رادەست نەکراوەتەوە.
رێبوار تەها لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی وەرگرتنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، "پێمانخۆشە سەرجەم حیزبە کوردییەکان لە کەرکووک بارەگایان هەبێت، بەبێ جیاوازی، چونکە چەندە حیزبی کوردستانی لە کەرکووک هەبن، ئەوەندەش کورد بەهێزتر دەبێت."
ئەو ئەندامەی سەرکرایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبەکەی لەگەڵ هاتنەوەی پارتییە بۆ کەرکووک، "پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی سیاسییە و لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا بەشدارە، حیزبێکی فەرمییە و بۆی هەیە خۆی لە هەر شوێنێکی عێراق بەربژێر بکات."
سەجاد مەهدی، سەرپەرشتیاری عەسایب ئەهلی حەق لە کەرکووک لەنێو خۆپێشاندەران لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "رێگەکان ناکرێنەوە و داخستنیان لە دەرئەنجامی تووڕەیی ئێمە بووە و دەمانەوێت بەو شێوەیە دەنگمان بگەیێنین بە حکومەتی عێراق و تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکان بەردەوام دەبین."
رێبوار تەها جەختی لەوە کردەوە، ئیدارەی کەرکووک بەرپرسە لە "پەکخستن"ی کار و ژیانی خەڵک و لەوەی کە روودەدات، "بەڵام ئیدارەی کەرکووک وەکو ئەوەی کە هیچ رووینەدابێت، تاوەکو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە."
لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵ کرد، پارتی لە کەرکووک کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵ کرد؛ دواتر کارنامەى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى لە 28ى تشرینى یەکەمى 2022 دەنگى لەسەر درا کە یەکێک لە خاڵەکانى پێدانەوەی ماف بە پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانى چالاکیى سیاسی لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین و چۆڵکردنی بارەگاکانیان بوو.