لە کەرکووک 60 هەزار دەنگدەر زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، 60 هەزار دەنگدەر لە کەرکووک زیادیکردووە کە بەشێکیان یەکەم جاریانە دەنگ دەدەن، "رێژەی وەرگرتنەوەی کارتى بایۆمەتریش 97٪"ـە.
رۆژی 30ـى ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 60 هەزار دەنگدەرى نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک ناوى خۆیان تۆمارکردووە، کە 10%یان ئەو دەنگدەرانەن کە بۆ یەکەم جاریانە مافى دەنگانیان هەیە و ئەوانى دیکەش ئەوانەن کە کێشە لە تۆمارەکەیاندا هەبووە یان خانەیان گواستووەتەوە بۆ شارەکە.
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت کە یەکەم جارە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
بەگوێرەى مادەى 13ـی هەموارى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان، وردبینیى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک لەسەر بنەماى ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە لە سەرژمێریى 1957 تۆمار کراون، جگە لە هەردوو ناحیەى زاب و سەرگەڕان، ئەو ئاوارانەى کە گەڕاونەتەوە و وردبینیی لیژنەى مادەى 140یان تێپەڕاندووە، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەى بەر لە ساڵى 2003 دانیشتووى کەرکووک بوون و دەبێت ئەوە لە رێگەى کۆبۆنى خۆراکەوە بسەلمێندرێت.
رێکارەکانى ئەم مادەیە بۆ هەردوو هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگا کارى پێدەکرێت.
عیماد جمیل ئاماژەی بەوەکرد، "لیژنەى وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک چەند کۆبوونەوەیەکان کرد، پێدەچێت ئەو تۆمارە کێشەیەکى ئەوتۆى نەبێت، چونکە لە هەڵبژاردنى رابردووى پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2021، کار بەو تۆمارە کراوە، بەبێ ئەوەى هیچ سکاڵایەک لەدژى تۆمارکرابێت."
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە نووسینگەى کەرکووکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەستى کەوتوون، ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاى کەرکووک بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا زیاتر لە یەک ملیۆن و 450 هەزار کەسن کە 77%یان کارتى بایۆمەتریان کردووە و 97%یان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
ئەنجوومەنى نوێى پارێزگاى کەرکووک لە 15 ئەندام و کۆتایەکى کریستیانەکان پێکدێت.