پۆلیسی سلێمانی: دوو دەرۆزەکەر بە تۆمەتی دزینی 20 هەزار دۆلار دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک کە زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری لێدزراوە، دوو تۆمەتبار دەستگیرکران؛ گوتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت، "دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 31-08-2025 رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەو دوو کەسە لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سكاڵای تۆمار كرد كە لە ماڵەكەی خۆیدا دزیی لێكراوە و بڕی 20 هەزار و 100 دۆلاری لێدزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستپێكرد."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو دوو کەسە بەناوی دەرۆزەكردنەوە چوونەتە ماڵی هاونیشتمانییەکە و پارەكەیان بردووە.