سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ كۆنسووڵى گشتيى نوێی ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و پیرۆزبایی ئەرکە نوێیەکەی لێ کرد. 
 
رۆژی یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وێندی گرین، کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، مەسرور بارزانی "هەموو پشتیوانییەکی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی."
 
كۆنسووڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا، "خۆشحاڵ"ـی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا کرد و "خواستی وڵاتەکەی بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان" لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه. هەروەها ئاماژەی بە هاتنی شاندێکی بازرگانیی ئەمەریکی کرد کە بەم نزیکانە سەردانی هەرێم دەکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆنسووڵی گشتیی ئەمەریکا "ستایشی چاکسازییەکان"ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بەتایبەتی هەردوو پڕۆژەی "رووناکی و هەژماری من."
 
پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کودستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.