پسپۆڕێک: مادەیەک لەنێو بەنزینی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە هۆکارە بۆ شێرپەنجە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان، سێ جۆر بەنزین بە کوالێتیی جیاواز هەن، بەنزینی ئاسایی (نۆرماڵ) نزمترین کوالێتیی هەیە و پسپۆڕان زۆرترین هۆشداریی لەبارەیەوە دەدەن. پسپۆڕێک دەڵێت: "بەنزینی بێ کوالێتی، مادەی سەرەتایی تووشبوون بە شێرپەنجەی تێدایە."
لە هەرێمی کوردستان، مۆڵەتدان بە بەنزینخانە، دەسەڵاتی وەزارەتی بازرگانییە، بەڵام جۆری بەنزین و پشکنینی، تایبەتە بە دەستەی ژینگە و لیژنەکانی قایمقامیەت.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "نابێت بەنزین مادەی 'رەساس'ی تێدابێت، چونکە مادەیەکی مەترسیدارە بۆ ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ."
پسپۆڕێک: چەند مادەیەک تێکەڵی بەنزین دەکرێت وا دەکات بە ئاسانی بچێتە نێو سییەکان
د. سەنگەر ساڵح، پسپۆڕی کیمیای پیشەسازییە، لەبارەی بەنزین و مەترسییەکانی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕی تێکەڵکردنی مادەی ئەرماتیکی بۆ نێو بەنزین دیاریکردووە کە نابێ رێژەکەی لە 35٪ زیاتر بێت، بەڵام هەندێکیان مادەی دیکەی تێکەڵ دەکەن، بەتایبەتی ئەو مادانەی کە ئۆکسجینیان تێدایە (ئیتانۆم، میسانۆم و ئێم تی بی ئی) و وا دەکات لەکاتی تێکردن زۆر بە ئاسانی بچێتە نێو سییەکانەوە."
د. سەنگەر دەڵێت: ئەو بەنزینەی بەکاردەبرێت، دەیان مادەی جیاوازی تێکەڵ کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، مادەی تێترا ئیسایلید، یەکێکە لە مادە مەترسیدارەکان و لە 1993ـەوە قەدەخەیە، زیاتر لەنێو بەنزینی ئێرانی هەبوو، بەڵام ئێستا کەمترە لەبەر گرانی.
بۆچی بەنزین دەبێتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێل؟
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، دەیان ئۆتۆمبێل دەسووتێن، کە بەشی زۆریان بەهۆی بەنزینەوەیە. ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "سووتانی ئۆتۆمبێل و فیول پەمپ یان دەردانەوەی بەنزین، مادەکانی ئیتانۆم و میسانۆمە کە تێکەڵی بەنزینەکە دەکرێت."
بۆچی بەنزین و گاز دەبنە هۆی شێرپەنجە؟
د. توانا ناسیح، مامۆستای زانکۆیە و خاوەنی بەنزینخانەشە، لەبارەی مەترسیی بەنزینەوە بە رووداوی گوت، دەبێت مادەی رەساس (سەلفەر) لەنێو بەنزیندا سفر بێت، بەڵام لەنێو گازی موەلیدە و بەنزین (بەتایبەتی نۆرماڵ) دا هەیە و بەرزیشە، ئەمەش هۆکارێکی نەخۆشییە.
هاوکات د. سەنگەر دەڵێت: "ناتوانین بڵێین ئەوانە شێرپەنجە بڵاودەکەنەوە، بەڵام مادەی سەرەتایین بۆ شێرپەنجە."
دەشڵێت: "بەیانیان تووشی زوورانەوەی قوڕگ دەبین، هۆکارەکەی هەڵمژینی ئەو گازە ژەهراوییانەیە کە یەکەم و دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان تێدایە."
"تەنیا لە هەرێمی کوردستان" بەنزینی گیراوە دروستدەکرێت
توانا ناسح پێیوایە، "دوو شێوازی دروستکردنی بەنزین هەن کە یەکەمیان شێوازە تەندروستەکەیە و لە پاڵاوگەدا بەرهەمدێت، شێوازەکەی دیکە ئەو بەنزینە ناتەندروستەیە کە لە بازاڕ و گۆڕەپانەکانی کوردستاندا دروستدەکرێت، کە کۆمەڵێک کەرەستەی محەسەن تێکەڵی نەفتا دەکەن. ئەو جۆرە بەنزینانە هەمووی دروستکەری شێرپەنجە و دەیان نەخۆشییە و جگە لە هەرێمی کوردستان لە هیچ شوێنێکی دنیا شک نابەم بەم شێوەیە بەنزینی گیراوە دروستبکرێت".
توانا ناسیح دەڵێت: "حکومەت ستانداردێکی بۆ بەنزین دیاریکردووە و لە ستانداردەکەدا مەرج ئەوەیە ئۆکتانی بەنزین 92 بێت، بەڵام ئەو رێنماییە بەلایەوە گرنگ نییە بە چ شێوازێک ئۆکتانی بەنزینەکە دەگەیێنیت بەو ژمارەیە"، لە بەرامبەردا جەنگی مەجید، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزیخانەكانی هەولێر باس لەوە دەکات کە "لە هەرێمی کوردستان ئەو پشکنینەی بۆ بەنزین دەکرێت 12 جۆر پشکنینە و بەتەنیا بۆ ئۆکتانی بەنزینەکە نییە".
با شۆفێران "بەنزینی سوپەر نەکرن"
جەنگی مەجید، پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بووە و ئێستاش بازرگانە لەو بوارەدا، لەبارەی بەنزینەوە دەڵێت، 80٪ـی بەنزینی نۆرماڵی هەرێمی کوردستان بە ستانداردی جیهانی بەرهەمدێت و داوا لە شۆفێران دەکات لەبری بەنزینی سوپەر، بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، لەبەر ئەوەی "زۆربەی بەنزینی سوپەری کوردستان بە گیراوەی کیمیایی دروستدەکرێت و زیان بە ژینگە و ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەیەنێت".
جەنگی مەجید بە رووداوی رایگەیاند: "بەنزینی تێکەڵکراو لە هەرێمی کوردستان هەیە و دروستدەکرێت، بەڵام ئەو بەنزینە لە هەموو بەنزینخانەکان نییە، داوام ئەوەیە شۆفێران لەبری بەنزینی سوپەر و محەسەن، بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکەیان بکەن، لەبەر ئەوەی زۆربەی بەنزینی سوپەرەکانی کوردستان گیراوەن و بە زەبری دەرمان ئۆکتانیان بەرزدەکرێتەوە".
دەستەی ژینگە: بە وردی چاودێریی بەنزینخانەکان دەکەین
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، رێنماییمان دەرکردووە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنیان دەکەنەوە کە نابێ مادەی پیسکەر لەنێو بەنزیندا هەبێت، بەتایبەت رەساس.
گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستا دەڵێت: "پێویستە بەنزین ئۆکتانی بەرز بێت بۆ ئەوەی کەمترین مادەی ژەهراوی تێدابێت."
لەبارەی چاودێریکردنی کوالێتیشەوە گوتی، "تیمی تایبەتمان هەیە و بەردەوام چاودێریی بەنزینخانەکان دەکات."
مەترسییەکانی بەنزین- C₆H₆
لەنێو بەنزیندا چەندین مادەی ژەهراوی هەن، کە هۆکارن بۆ نەخۆشیی کاتی، درێژخایەن و تەنانەت کوژەریش. کە ئەم مادانە لە خۆدەگرن:
1. مادەکانی تۆلوین، ئیسیلبەنزین و زایلینەکان (Toluene, Ethylbenzene, Xylenes)
ئەم سێ مادەیە لەگەڵ بەنزین گرووپی (BTEX) پێکدەهێنن، کە بەهایدرۆکاربۆنە بۆنخۆشەکان (Aromatic Hydrocarbons) ناسراون. هەڵمژینی هەڵمی ئەم مادانە دەبێتە هۆی سەرئێشە، گێژبوون و زیانگەیاندن بە کۆئەندامی دەمار. بەرکەوتنی درێژخایەن زیان بە گورچیلە و جگەر دەگەیێنێت.
2. قوڕقوشم (Lead)
پێشتر مادەی (Tetraethyl lead) وەک زیادکەرێک بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی ئۆکتان بەکاردەهات. هەرچەندە ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەنزینی بێ قوڕقوشم (Unleaded) بەکاردێت، بەڵام هێشتا کاریگەرییە خراپەکانی لە ژینگەدا ماوە.
قوڕقوشم مادەیەکی ژەهراوییە و کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە، بەتایبەتی بۆ مێشکی منداڵان کە لە گەشەدایە. دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی زیرەکی و کێشەی رەفتاری.
3. ن-هێکسان (n-Hexane)
یەکێکە لەو هایدرۆکاربۆنانەی لە بەنزیندا هەیە و لە پلەی گەرمی ئاساییدا بە خێرایی دەبێتە هەڵم. هەڵمژینی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە دەمارەکانی قاچ و دەست، کە دەبێتە هۆی سڕبوون و بێهێزی.
4. زیادکەرەکانی ئۆکسجین (Oxygenates) وەک MTBE و ئیسانۆڵ
ئەم مادانە بۆ باشترکردنی کوالێتی سووتان و کەمکردنەوەی پیسی زیاد دەکرێن. مادەی (MTBE - Methyl tert-butyl ether) بە ئاسانی تێکەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و پیسی دەکات. گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە مادەیەکی شێرپەنجەیی بێت. هەرچەندە ئیسانۆڵ کەمتر ژەهراوییە، بەڵام ئەویش کاریگەریی خۆی لەسەر ژینگە هەیە.
5. هایدرۆکاربۆنەکانی دیکە
بەنزین لە سەتان جۆر هایدرۆکاربۆنی جیاواز پێکدێت. زۆربەیان مادەی ئۆرگانیی بەهەڵمبوون. ئەم مادانە لەگەڵ تیشکی خۆر کارلێک دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی ئۆزۆنی سەر زەوی، کە زیان بە سییەکان دەگەیێنێت.
هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی
هەڵمژین: مەترسیدارترین رێگەی بەرکەوتنە، بەتایبەتی لە کاتی پڕکردنەوەی تانکی ئۆتۆمبێل لە وێستگەی بەنزین.
بەرکەوتنی پێست: بەنزین دەتوانێت لە رێگەی پێستەوە هەڵبمژرێت و ببێتە هۆی وشکبوونەوە و هەوکردنی پێست.
خۆپاراستن
- لە کاتی بەنزین تێکردندا، هەوڵبدە هەڵمەکەی هەڵنەمژیت.
- ئەگەر بەنزین بەر پێستت کەوت، دەستبەجێ بە ئاو و سابوون بیشۆ.
- هەرگیز بەنزین وەک مادەیەکی پاککەرەوە بەکارمەهێنە.
- بەنزین لە شوێنێکی دوور لە دەستی منداڵ و سەرچاوەی ئاگر هەڵبگرە.
بازرگانێکی سووتەمەنی: بەنزینی پاڵاوگە یاساییەکان باشە
جەنگی مەجید، لەبارەی کوالێتیی بەنزینی هەرێمی کوردستانەوە بە رووداوی گوت، ئێستا کێشەی کوالێتی کەمبووە، ئەو بەنزینەی لەنێوخۆ لە پاڵاوگە یاساییەکان بەرهەم دەهێنرێت، بەتایبەتی بەنزینی 'کار و لاناز' کوالێتییان بەرزە و کێشەیان نییە.
جەنگی مەجید گوتی: سەرەڕای باشی بەنزین، هێشتا لێژنەکان بەردەوام بەسەر بەنزینخانەکاندا دەگەڕێن و چاودێرییەکی تووندیان لەسەرە.