سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: تاوەکو گوژمەی دووەمی پارەکە نەگات، مووچە دابەش ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، عێراق گوژمەی دووەمی مووچەی مانگی حوزەیرانی نەناردووە و "تاوەکو گوژمەی دووەمی پارەکە نەگات، مووچە دابەش ناکەین".
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ گوژمەی یەکەمی مووچەی مانگی حوزەیران گەیشت کە نزیکەی 617 ملیار دینار بوو، بڕیار بوو هەر ئەمڕۆ گوژمەی دووەمیش بنێردرێت کە 300 ملیار دینارە، بەڵام نەنێردراوە."
گوتیشی: "لە بەغدا هیچیان پێنەگوتووین لەبارەی هۆکاری نەناردنی گوژمەی دووەمی پارەکە، هیچ کاتێکیشیان دیاری نەکردووە".
لەبارەی لیستی مووچەوە، ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "لیستەکە ئامادەیە، بەڵام دەبێت تەواوی پارەکە بگات، دواتر راستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکرێتەوە."
ئەمڕۆ بەیانی سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، 616 ملیار و 923 ملیۆن دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی حوزەیران.
بۆ مووچەی مانگی ئایار، بەغدا 974 ملیار و 813 ملیۆن دیناری ناردبوو. سەرچاوەکەی رووداو گوتیشی: "بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خانەنشینانەوە، گوژمەی مووچەی مانگی حوزەیران زیادی کردووە و دەگاتە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار."
رۆژی 26ـی ئابی 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
رۆژی 28ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق."
لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە؛ دوایین جار رۆژی 24ـی تەممووز بوو کە مووچەی مانگی ئایار رەوانە کرا و رۆژی دواتر دابەش کرا.