گواستنەوە و گەیاندن: هەموو سایتە نەشیاوەکان لە هەرێمی کوردستان سانسۆر کراون

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رێگەی پاکێجی خێزانییەوە هەموو سایتە نەشیاوەکان و گرتە ڤیدیۆییە تووندوتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان سانسۆر کراون.
 
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، دیلان رەشاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەمێکە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانە دەکەین کە دوورن لە دابونەریتی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەموو ئەو بابەتانەی تووندوتیژییان تێدایە بەرامبەر ژن، منداڵ و ئاژەڵ، لەگەڵ سایتە نەشیاوەکان [سێکسییەکان]، هەموویان لە رێگەی پاکێجی خێزانییەوە سانسۆر کراون."
 
بە گوتەی دیلان رەشاد، هەر خێزانێک دەتوانێت مانگانە لەگەڵ نوێکردنەوەی بەشداریکردنی لە هێڵی ئینتەرنێت، داوای پاکێجی خێزانی بکات، چونکە هەموو بابەتە نەشیاوەکانی تێدا سانسۆر کراون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، عێراق دووبارە بڕیاری وەستاندن و بلۆککردنی سەرجەم سایتە نەشیاوەکانی دەرکرد.
 
لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت: "کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لەگەڵ ئێمە رێککەوتنیان هەیە و پابەندن بە بڕیارەکانی هەرێمی کوردستانەوە، نەک عێراق، جگە لە کۆمپانیاکانی کۆڕەک، ئاسیاسێڵ و زەین، کە مۆڵەتیان لە عێراق وەرگرتووە."
 
پاکێجی خێزانی چییە؟
 
بریتییە لە خزمەتگوزاری سانسۆرکردن کە هاوبەشان دەتوانن لە کاتی کڕینی هێڵی ئینتەرنێتی مانگانەی خێزانی داوای بکەن؛ پاکێجەکە بە هەمان نرخ و خێرایی ئینتەرنێتی ئاسایی بەردەستە.